گرێبەستی خانووبەرە دەكرێتە ئەلیكترۆنی

:: PM:12:01:08/07/2026 ‌
نووسراوی فەرمی لەلایەن وەزارەتی داد و فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون دەرچووە، بە مەبەستی ئەلیكترۆنیكردنی گشت گرێبەستەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، ئەم هەنگاوەش كارئاسانییەكی گەورە بۆ رێكخستنی كاروبارەكان دەكات و رۆتین بە تەواوی ناهێڵێت.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نووسراوی فەرمیمان لەلایەن وەزارەتی داد و فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون پێگەیشتووە، بە مەبەستی ئەلیكترۆنیكردنی گشت گرێبەستەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، ئەم هەنگاوەش كارئاسانییەكی گەورە بۆ رێكخستنی كاروبارەكان دەكات و رۆتین بە تەواوی ناهێڵێت.

زیاتر گوتی، ژووری بازرگانی لایەنی سەرەكی و بنەڕەتیی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەیە، چونكە مۆڵەتی فەرمیی كاركردنی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لەلایەن ئەو ژوورەوە دەدرێتە نووسینگەكان.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە كاتی دەستپێكردنی پڕۆژەكە، ژووری بازرگانی خولی راهێنانی تایبەت بۆ خاوەن نووسینگەكان دەكاتەوە و لە كاتی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، هەر كەسێك داوای مۆڵەتی كاركردن بكات، مەرجە ئەو خولی راهێنانەی بە سەركەوتوویی ببڕێت.

روونی كردەوە، لای خۆشمانەوە وەك ژووری هەولێر گشت ئامادەكارییەكی پێویست و تەواومان بۆ سەرخستنی ئەم بابەتە ئەنجام داوە، ئێستە چاوەڕوانی گەیشتنی ڕێنوێنیی كۆتایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەر زەوینی واقیع.'


وشە - رامیار جەواد