شادومان مەلا حەسن بەرپرسی بەرەی گەل لە هەولێر دەڵێت، لە ڕۆژی هەشتی تەمووزی ساڵی 2021، پیلانگێڕییەكی گەورە بە پشتیوانی دامەزراوەیەكی باڵای هەرێم و دەستی وڵاتانی هەرێمی، لەناو ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجام درا.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، شادومان مەلا حەسەن بەرپرسی بەرەی گەل لە هەولێر، لەبارەی رووداوەكانی هەشتی تەمووزەوە دەڵێت، پیڵانگێڕییەكە كودەتا بوو بەسەر شەرعییەتی حزبی بەدەر لە یاسا و ڕێسا بەركارەكانی هەرێم و عێراق و ناوخۆی یەكێتی.
دەشڵێت، ئامانج لە كودەتاكە كپكردن و سەركوتكردنی ئەو هێڵە نیشتمانی و نەتەوە ڕەسەن و سەربەخۆیە بوو كە لەناو هەناو یەكێتیی بووژابووەوە، كە كاری دەكرد بۆ گێڕانەوەی سیاسەتی سەربەخۆیانە و ڕاست و دروست، ئەو هێڵە لە هەموو ناخۆشییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا ئامادەیی بەردەوامی هەبوو بە هەڵوێستی كرداری بەرهەمدار، بۆیە پیلانگێڕان یەكانگیر بوون لە بەركەناركردنی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكەمی یەكێتی و بۆچوون و كردارەكان.
روونی كردووەتەوە، پیلانگێڕییەكە بەردەوام بوو و نەوەستا لە دوای دەرچوون لە یەكێتیش، ئەوەبوو بەهەمانشێوە لایەنە پیلانگێڕەكان لە ڕۆژی 22ی ئابی ساڵی 2025 بەشێوەیەكی دڕندانەتر پیلانەكەیان تەواو كرد، ئەویش هێرش و پەلاماری سەربازی بوو بۆ سەر لالەزار و گرتنی لاهوری شێخ جەنگی و هەڤاڵەكانی.
لە بەشێكی قسەكانیدا دەشڵێت، هەقە ئەوانەی بەشدار بوون لەم پیلانگێڕییە پرسیارێك لەو كردەوە نایاسایی و نانیشتمانییەی خۆیان بكەن، بەرهەمەكەی چی بوو بۆ ئەوان، جگە لە ناشیرینتركردنی ڕووخساری هەرێم و لێكترازانی دامەزراوەكانی و ڕۆچوونی زیاتری ئەو باڵە كودەتاچییە بۆ ناو زەلكاوی خراپەكاری، تێكەڵكێشبوونی زیاتر لەگەڵ نەیارانی دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان.