ترەمپ: ئەمشەو گورزی بەهێزی سەربازی لە ئێران دەوەشێنین

:: PM:04:47:08/07/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە ئێران و عێراق، كارەكانی لووتكەی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی ناتۆ لە توركیا بەڕێوە دەچێت، لەو ناوەدا لە دوای هێرشی مووشەكیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر دوو كەشتی قەتەری و سعوودی لە گەرووی هورمز، دۆخەكە جارێكی تر ئاڵۆز بووەوە، سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت ئەمشەو هێرش دەكەنە سەر ئێران.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمشەو ئەمەریكا جارێكی تر هێرش دەكاتەوە سەر ئێران، ئەو ئێرانییەكان بە فێڵباز و پێشێلكردنی رێككەوتننە سەرەتاییەكە تۆمەتبار دەكات و دووپاتی كردەوە با بزانین چی لەگەڵ دەكەین، گوتی، بەپێی رێككەوتنمان لەگەڵ ئێران دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی بوەستێنێت، ئەگینا ئێمە ئەو كارە دەكەین، بابەتەكە پێوەندیی بە گۆڕینی رژێمی ئێرانەوە نییە، بەڵكو بە چەكە ئەتۆمییەكەیەتی.

ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ چوارشەم ترەمپ لە ئەنقەرە لە پەراوێزی كارەكانی لووتكەی ناتۆ رای گەیاند كە كۆتایی بەو رێككەوتنە هاتووە كە بە ناوی یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ كۆتایی شەڕ لەگەڵ ئێران واژوو كراوە، دووپاتی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك نایەوێ‌ لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات و بەرپرسانی ئێرانی بە نەخۆش ناو برد.

دوای ئەوەی دوێنێ هاتە راگەیاندن كە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەك چەند كەشتییەكی لە گەرووی هورمز كردووەتە ئامانج، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم سوپای ئەمەریكا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازیی ئێران و زیاتر لە 60 بەلەمی خێرای سوپای پاسدارانی لە دەوروبەری گەرووی هورمز كردە ئامانج، سوپای پاسدارانیش رای گەیاند كە هێرشی كردووەتە سەر 85 ئامانجی ئەمەریكی لە بەحرێن و كوێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل