شەوی رابردوو لەناو پێشوازییەكی باڵای عێراقی و ئێرانیدا، تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە تارانەوە بە هێنرایە پارێزگای نەجەف، هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پۆلێك لە بەرپرسانی باڵای عێراقی و سەرۆك كۆماری ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لە فڕۆكەخانە پێشوازییان لە تەرمەكە كرد، بەیانی ئەمڕۆ لە نەجەف و ئەم ئێوارەیەش لە كەربەلا رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەكە ساز كرا.
وەك لە خشتەی بەڕێوەچوونی
رێوڕەسمەكەدا هاتبوو، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم لە شاری نەجەف لەناو ئاپۆڕای جەماوەریی ملیۆنیدا، ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی كرا، ئێواری ئەمڕۆش كەژاوەی تەرمەكە گەیشتە شاری كەربەلا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بەرەو هەردوو مەزاری ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس بردرا، بڕیارە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكە تەرمەكە ببرێتەوە پارێزگای نەجەف و لەوێشەوە بە فڕۆكەكەی بەرەو ئێران بەڕێ بكرێت.
دوای چەند مانگێك لە كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هێرشێكی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردوو، 4ی ئەم مانگە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمەكەی دەستی پێ كرد، كە چەند رۆژێك لە شەقامەكانی تارانی سووڕێندرایەوە و دوێنێ هێنرایە پارێزگای نەجەف و ئەمڕۆش بردرایە كەربەلا و بڕیارە سبەی پێنجشەم تەرمەكە لە شاری مەشهەد دوای نوێژ لەسەر كردنی لەناو مەزاری ئیمام رەزا، هەشتەم لە 12 ئیمامی شیعە بەخاك بسپێردرێت.