هاوكات لەگەڵ ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ ئێران لە لبنان و لە غەزە هەن، دۆخی ناوچەكە ئاسایی نەبووەتەوە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل كوشتنی بەرپرسێكی تری سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی لە كەرتی غەزە راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ كوشتنی دوو بەرپرسی بزووتنەوەكەی لە غەزە دووپات كردەوە.
گوتەبێژ بەناوی
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا كوژرانی محەمەد عیماد ئەبو تەعیمە فەرماندەی شانەی دەستەبژێری كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی لە هێرشێكی ئاسمانی لە باشووری كەرتی غەزە راگەیاند، بەپێی بەیاننامەكە ئەو بەرپرسەی حەماس بەشداری لە هێرشەكەی بزووتنەوەكە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 كردووە و ئێستەش رۆڵی لە هێرشكردنە سەر سوپای ئیسرائیل هەیە و هەڕەشەیەكی گەورە بووە.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە لە هێرشێكی ئاسمانی لە باكوری كەرتی غەزە بەر لە دوو رۆژ، ئەحمەد یەحیا ئیبراهیم بەتش فەرماندەیەكی شانەی دەستەبژێر لە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس كوژراوە، كە بەدرێژایی شەڕ خەریكی پلانگێڕی بووە لە دژی ئیسرائیل لە كەرتی غەزە.
بەپێی بەیاننامەكە لە هێرشێكی تری ئاسمانی دوێنێ بۆ سەر باشووری كەرتی غەزە، حەموودە ئەبو دقە، فەرماندە لە یەكەی هەواڵگریی سەربازی سەر بە حەماس كوژراوە، كە كاری كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بووە لەسەر سوپای ئیسرائیل بۆ جێبەجێكردنی پلان و هێرشكردنە سەریان، سوپای ئیسرائیل ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە هێرشەكانیان بەردەوام دەبن.