ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووزی 2026، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندووە، ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدات، ئەوا ڕووبەڕووی هەمان ئەو دۆخە دەبێتەوە کە شەوی ڕابردوو بەسەریدا هات، و ئەمەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕێڕەوە ئاوییەکە دەکاتەوە و واز لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان دەهێنێت.
ڤانس ئاماژەی بەوە دا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا چەندان بژاردەی لەبەردەستدایە، و گوتی: "بێگومان پێتانی ناڵێم کە ئەمشەو بەدیاریکراوی چی ڕوو دەدات، بەڵام سەرۆک زۆر بەسادەیی پێی گوتوون کە گەرووی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە، ئەمەش واتە ڕۆیشتنی نەوت و غاز بەردەوام دەبێت. ڕوونیشی کردەوە کە ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە دەبێت ئەو دەمارە گرنگە، کە بەشێکی زۆری دابینکردنی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر بە کراوەیی بمێنێتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو کە وڵاتەکەی گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان، و گوتی، توانا سەربازییەکانیان وێران کرا، و هەندێک کەس لە ناو سیستەمی ئێرانیدا هەن دەڵێن دەیانەوێت پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بگۆڕن و لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە. ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنە سەرەکییەی پێی گەیشتوون زۆر سادە بووە و پێی گوتوون کە گەمارۆکان هەڵدەگرن ئەگەر واز لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان بهێنن، بەڵام ئەگەر تەقە لە کەشتییەکان بکەن ئەوا وەڵامیان دەبێت و زۆر بەهێزتر لە جاران وەڵام دەدەنەوە.
پێشتر لە ئەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە پێدەچێت ئەمشەو هێرش بکەنەوە سەر ئێران و ڕەنگە هێرشەکەشیان گەورە بێت. دووپاتی کردەوە کە ئێرانییەکان فێڵ دەکەن و ڕێککەوتنەکە پێشێل دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ڕای گەیاند کە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران کۆتایی هاتووە و نایەوێت لە داهاتوودا هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ بکات.
لە بەرانبەردا، کەناڵی "پرێس تی ڤی"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە کە هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، بە دوو کاردانەوەی خێرا وەڵام دەدرێتەوە، ئەوانیش داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمزە بە ڕووی جووڵەی کەشتییەکاندا، لەگەڵ بەئامانجگرتنی ئەو پێگانەی کە بە دوژمن وەسفی کردوون.