ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردەوە

:: PM:10:44:08/07/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووزی 2026، ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەڵکشاون. هاوکات بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، پێوەندییەکی تەلەفۆنییان بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکان ئەنجام دا.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان نەتنیاهۆ و ترەمپدا باس لە گرژییەکان لەگەڵ ئێران کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە چەند سەعاتی ڕابردوودا ئەمەریکا دەستی بە دووبارە جێگیرکردنەوەی فڕۆکەکانی پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ئیسرائیل و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، کە ئەمەش نیشانەی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی سەربازییە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئیسرائیل چووەتە دۆخی ئامادەباشیی تەواوەوە، و ئەیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تەناهیی بە بەشداریی گەورە فەرماندەکانی دامەزراوەی سەربازی ئەنجام داوە، بۆ هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان و ئامادەبوون بۆ هەر ئەگەرێک. هەروەها کۆبوونەوەیەکی بە بەشداریی نوێنەرانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بەرانبەر بە هەر هەڵکشانێکی گرژییەکان لەگەڵ ئێران.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە پێشبینیی گەڕانەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران ناکات، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئاماژەی بەوەش دا کە شەڕی ڕابردوو لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بوو.

لە بەرانبەردا، ئێران هەڕەشەکانی توندتر کردووەتەوە و ئیبراهیم ڕەزایی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجوومەنی شوورا ڕای گەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێی کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکات و ئەگەر ڕووبەڕووی هێرشێکی گشتگیری ئەمەریکا ببێتەوە، بیروباوەڕی ئەتۆمیی خۆی دەگۆڕێت. هاوکات هۆشداریشی دایە ئەو وڵاتانەی کەنداو کە پاڵپشتیی واشنتن دەکەن لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک.


وشە - پۆڵا مەحموود