پەیكەری زانایەكی رووس ناكۆكی دەخاتە نێوان هەولێر و هەڵەبجە

:: AM:09:42:30/07/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی هەڵەبجە، پەیكەرێك بۆ زانایەكی كوردناسی ناوداری رووس "پ. د. جۆزێف ئۆربێلی" دروست دەكات، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا داوا دەكات لە هەولێری دابنێن و ئەوانیش دەڵێن، لە هەڵەبجە دایدەنێین.

وەزارەتی رۆشنبیری رای گەیاند، دروستكردنی پەیكەرێك بۆ زانا و كوردناسی ناوداری رووس "پ. د. جۆزێف ئۆربێلی" دەست پێكراوە، ئێستە گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی لە هەولێری دابنێن یان لە هەڵەبجە دەكرێت.

نامیق هەورامی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، "دروستكردنی پەیكەری زانای ناودار جۆزێف ئۆربێلی، لەسەر پێشنیاری قوتابییەكی كوردی بەشی پەیكەرسازی لە مۆسكۆ بەناوی 'هاوار عەلی' بووە،  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی هەڵەبجە ئەركی دروستكردنی پەیكەرەكەی گرتووەتە ئەستۆ".

گوتی، "بڕیار وایە پەیكەرەكە لە هەڵەبجە دابنرێت و ئەوە بە مافی ئەوان دەزانین، بەڵام كونسوڵی گشتیی ڕووسیا داوای كرد پەیكەرەكە لە هەولێر دابنرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە، پێشنیارمان كردووە كۆپییەكی پەیكەرەكە لە هەولێر دابنرێت تا كۆتایی بەو ناكۆكییە بهێنرێت."

ۆزێف ئۆربیلی کەسێکی گرنگە لە بواری کوردناسی و زمانناسی کوردیدا، ئۆربیلی زانایەکی رووسییە، زۆربەی ژیانی تەرخانکردووە بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی مێژوو و زمان و ئەدەبیاتی کوردان.

چەندین ساڵ لەنێو کورددا ژیاوە و لە نزیکەوە لەگەڵیان بووە، بەردەوام دۆست و پاڵپشتی کورد بووە. ئەو سەرۆکی زانکۆی رۆژهەڵاتناسی و سەرۆکی مۆزەخانەی ئەرمیتاژ لە لنینگرادبووە، هەروەها مامۆستای زمانی کوردی بووە لە زانکۆی لنینگراد، ئۆربیلی بەشی کوردی لە زانکۆی رۆژهەڵاتناسی دامەزراند، ئەو بەشە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بواری کوردناسی لە وڵاتی رووسیادا.

هەروەها نووسینی فەرهەنگی کوردی-رووسی، یەکێکی ترە لە خزمەتە گەورەکانی جۆزێف ئۆربیلی بە زمانی کوردی.




وشە - سۆران عەزیز