وەزارەتی دادی ئەمەریكا، هادی مەتەری تەمەن 28 ساڵی بە پاڵپشتیكردنی حزبوڵا و ئەنجامدانی كردەوەیەكی تیرۆریستیی سزا دا، مەتەری لە مانگی ئابی 2022 هێرشی كردە سەر سەلمان روشدی.
وەزارەتی دادی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هادی مەتەری تەمەن 28 ساڵان، "هەوڵی داوە پاڵپشتی مادی بۆ حزبوڵای لبنان كۆ بكاتەوە وەك ئەندامێكیان كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجام بدات.
وەزارەتی دادی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوە كردووە، هادی مەتەری رووبەڕووی سزای تاهەتایی دەبێتەوە.
پێشتر هادی مەتەری لە نیویۆرك بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی ئەو نووسەرە تەمەن 79 ساڵە لە ساڵی 2022دا، بە 25 ساڵ گرتن سزا درا، بەڵام ئەمجارەیان بە تۆمەتی "ئەنجامدانی كردەوەیەكی تیرۆریستی" و "هەوڵدان بۆ پشتگیریكردن" لە رێكخراوێكی تیرۆریستی دادگایی كرا.
هادی مەتەری ئەمەریكییەكی بەڕەچەڵەك لبنانییە، ئەندامی حزبوڵا بووە و یەكێك بووە لەوانەی كاری بۆ ئەو گرووپە لە ئەمەریكا و ئەوروپا كردووە.
دادی ئەمەریكا دەڵێن، ئەو هێرشەی مەتەری پاڵنەری ئەو فەتوایە بووە كە ئایەتوڵا خومەینی رێبەری كۆچكردووی ئێران لە ساڵی 1989دا دەریكردووە، داوای كوشتنی سەلمان روشدی دەكات.
ڕۆژی 12ی ئابی 2022، لە میانی كۆنفرانسێكی تایبەت بە پاراستنی ئازادیی نووسەران لە ناوچەیەكی سنووری هێمن لە كەنەدا، لە بەردەم نزیكەی هەزار كەسدا هادی مەتەری بەچەقۆ پەلاماری روشدیی دا و بەو هۆیەوە چاوێكی لە دەست دا.
سەلمان ڕووشدی لەدایكبووی 19ـی حوزەیرانی 1947 مۆمبای هیندستانە و لە ئینگلتەرا نیشتەجێیە، كەسایەتییەكی ڕۆماننووس و نووسەرێكی هیندی، بەریتانی و ئەمەریكییە. كارەكانی یەكگرتنی هەردوو چەشنی ڕیالیزمی سیحری و مێژووی خەیاڵییە.
لەساڵی 1981 بە كتێبی (Midnight's Children) خەڵاتی بووكەری (Booker Prize)ـی بردەوە، لەم كتێبەیدا باسی تێپەڕبوونی هیندستانی كرد لە كۆلۆنیالیزمی بەریتانی بۆ سەربەخۆیی، لەگەڵ دابەشبوونی هیند. سەلمان لە بنەماڵەیەكی موسڵمانی لیبرال لەدایكبووە.
لە بەناوبانگترین كارەكانی كتێبی (ئایەتە شەیتانییەكان)ـە، كە بووە هۆی دەنگدانەوەیەكی گەورە بەتایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا، بەهۆیەوە چەندان خۆپیشاندان لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجامدرا، لەلایەن خومەینی فەتوای كوشتنی بۆ دەرچوو، لەو كاتەوە ڕووشدی لە ژێر ناوی خوازراودا دەژی و لەژێر چاودێری چڕدایە.