تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا فیلمی "ئۆدیسە"ی كریستۆفەر نۆلان، بە بەهای نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار بلیتی لە سەرانسەری دنیادا فرۆشراوە، زۆرترین بینەری هەبووە و یەكێكە لەو فیلمانەی لەو ماوە كەمەدا زۆرترین نووسینی لەبارەوە نووسراوە.
تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمی "ئۆدیسە"ی كریستۆفەر نۆلان، بە 250 ملیۆن خەمڵێنراوە. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی بواری دارایی لە ( Forbes و The Warp)، ئاماژە بەوە دەدەن كە دەبێت فیلمەكە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار پەیدا بكات تا بتوانێت قەرەبووی تێچووی فیلمەكە بكاتەوە.
هۆكارەكەش ئەوەیە كە كۆی بڕی ئەو پارەیەی دەستی دەكەوێت، هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ ستۆدیۆی یونیڤێڕساڵ، بۆ نموونە لە 50% پارەی بلیتەكانی لە ئەمەریكا و كەنەدا بۆ دەگەڕێتەوە، لە دنیادا بەگشتی و بەپێی ئەو وڵاتەی فیلمەكەی تێدا نمایش دەكرێت، لە 35% بۆ 45% پارەی بلیتی فرۆشراوی بۆ دەگەڕێتەوە.
كریستۆفەر نۆلان دەرهێنەری ناودار فلیمەكانی تەنیا چیرۆكێكی خەیاڵی نین، بەڵكو گەڕانێكی قووڵن بەدوای وەڵامی پرسیارە گەورەكانی مرۆڤایەتی لەبارەی كات، خۆشەویستی و مانەوە.
نۆلان لەو بەرهەمانەیدا تیشك دەخاتە سەر ئەوەی چۆن كات دەكرێت ببێتە دوژمن یان هاوڕێ، چۆن پێوەندیی نێوان باوك و كچ دەتوانێت سنوورەكانی گەردوون ببڕێت، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی فیزیا و زانستی ڕاستەقینەدا.
بەشێك لە فیلمەكانی نۆلان بابەتی مێژووە، ئەو قووڵ لە مێژوودا كار دەكات و ئەو میژووەی سێ هەزار ساڵیان بەسەردا تێپەڕیوە، زیندوو دەكاتەوە.
ئەم دەرهێنەرە هەمیشە حەز دەكات كەمترین گرافیكی كۆمپیوتەری بەكار بهێنێت و پەنا بۆ دیمەنە ڕاستەقینەكان دەبات، ئەمەش وادەكات بینەر هەست بكات بەشێكە لەو گەشتە پڕ مەترسییە.
سینەمای نۆلان قوتابخانەیەكی تایبەتە كە تێیدا فەلسەفە و زانست تێكەڵ دەبن، بینەر ناچار دەكات دوای تەواوبوونی فلیمەكە بۆ ماوەیەكی درێژ بیر بكاتەوە.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كۆی تێچووی فیلمەكە، نزیكەی 125 ملیۆن دۆلار بۆ كەمپینەكانی ماركێتینگەكەی تەرخان كراوە، ئەمەش دەكاتە بڕی لە 50% ی تێچووی فیلمەكە.
ئۆدیسە كە چیرۆكی فیمەكەی نۆلانە یەكێكە لەو شاكارە ئەدەبییە هەرە بەرزانەی لە كۆنەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ كاریگەریی بەسەر ئەدەبیاتی دنیاوە هەبووە، زۆربەی تراجیدیا یۆنانییەكان لە ئۆدیسەوە هەڵێنجراون و سێبەری بەسەر زۆربەی كارەكانی ئیسخیلۆس و سۆفۆكلیس و یوربیدسەوە دیارە.
دەكرێ بگوترێ ئۆدیسە لە ئیلیادە زیاتر سەرنجی ڕۆماننووسانی ڕۆژگاری تازەی ڕاكێشاوە، بۆ نموونە (یۆلیسیس)ی جیمس جۆیس كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا لە سەرانسەری دنیادا دەنگی دایەوە و جۆرە دابڕان و وەرچەرخانێكی ڕۆمانەوانیی دروست كرد، ڕێك لە ژێر كاریگەریی ئۆدیسەدایە، بەڵام جۆیس نەفەسی ڕۆژگاری خۆی پێ بەخشیوە، بەوەش ویستوویەتی ئەوەمان پێ بڵێ كە شاكاری وەك ئۆدیسە لەم ڕۆژگارەدا دووبارە نابێتەوە، ئەگەر دووبارەش ببێتەوە، لە قاڵبی ناوەڕۆكێكی مۆدێرندا دووبارە دەبێتەوە.
هۆمێرۆس نووسەری "ئۆدیسە" پێدەچێت لە دەوروبەری سەدەی ھەشتەمی پێش زاین لە دایك بووبێت، شاعیرێكی یۆنانی كۆن بوو كە بە نووسەری ھەردوو داستانی مەزنی ئیلیاد و ئۆدیسە دادەنرێت، دوو شاكار كە وەك بنەمای سەرەكیی ئەدەبیاتی یۆنانی كۆن و وێژەی ڕۆژاوا تەماشا دەكرێن.
داستانەكانی ھۆمێرۆس كاریگەرییەكی قووڵیان لەسەر لایەنە جیاوازەكانی چاند و پەروەردەی یۆنانی كۆن ھەبوو و بنەماكانی پاڵەوانێتی، شكۆمەندی و شەرەفیان بەھێز كرد. بە بڕوای ئەفلاتوون، ھۆمێرۆس بە سادەیی ئەو كەسە بوو كە یۆنانی پەروەردە كرد.
دەرهێنەری گەورە كریستۆفەر نۆڵان، دەرهێنەرێكی (بەریتانی - ئەمەریكی)یە، ئەو فیلمانەی تا ئێستە بەرهەمی هێناون 34 جار پاوڵێوراو بوون و 10 جار براوە بوون لە رێوڕەسمەكانی خەڵاتی ئۆسكار.
نۆڵان لە شاری (لەندەن) لە (بەریتانیا) لە ساڵی 1970 لە دایك بووە، هەر لە منداڵییەوە عاشقی سینەما بووە و حەزی كردووە ببێت بە دەرهێنەر، لە زانكۆی) University college London خوێندوویەتی، ناوبانگی پەیدا كرد لە دوای هەردوو فیلمی following 1998 و Memento 2000، فیلمەكانی نۆڵان بەوە ناسراوە كە ئاڵۆزن و تەنیا بە یەكجار سەیركردنی فیلمەكانی تێگەشتن لێیان قورسە.