ئەمڕۆ شەموو یەکی ئابی 2026، میدیاکان بڵاویان کردەوە کە عەممان بە فەرمی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە لە بوونی زانیاری لەسەر پلانی گرووپە چەکدارەکان بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئوردن، و دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەر هەر هێرشێک ئەنجام بدرێت، ئەوا وەڵامی سەربازیی دەبێت. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەم، ئوردن بەرپەرچی هێرشێکی پێنج مووشەکیی ئێرانی دابووەوە.
لە پەیامەکەیدا، ئوردن بە لایەنی عێراقی ڕاگەیاندووە کە وەڵامی سەربازیی هەر هێرشێکی ئەو گرووپانە دەداتەوە کە لەوانەیە دژی خاکەکەی ئەنجامی بدەن. هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، شانشینی ئوردن چاوەڕێی ئەوە لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات کە ڕێکار بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو گرووپانە و ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکەن کە ئاسایشی ئوردن بکاتە ئامانج.
ئەم هۆشدارییەی ئوردن لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژیی و پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق.
پێشتریش، هێزە چەکدارەکانی ئوردن، ڕۆژی پێنجشەم، ڕایان گەیاندبوو، کە هەوڵێکیان بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتەکە بە پێنج مووشەک پووچەڵ کردووەتەوە کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوون، و دووپاتیان کردەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی مامەڵەیان لەگەڵ هێرشەکەدا کردووە و نەیانهێشتووە مووشەکەکان بگەنە ئامانجەکانیان. هێزە چەکدارەکانی ئوردن بەردەوامن لە چاودێریکردنی پەرەسەندنە هەرێمییەکان و ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.