لیژنەی سووتەمەنیی پارێزگای هەڵەبجە، شۆفێران لە دابەشكردنی بەنزینی حكوومی ئاگادار دەكاتەوە، لە سبەینێ دووشەمەوە بەنزین بەمیكانیزمی نوێ دابەش دەكرێت.
بەپێی ئاگادارییەكی لیژنەی سووتەمەنیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران و هاووڵاتییان دەكەین كە ئەمڕۆ بەنزین دابەش ناكرێت، لە سبەینێ دووشەمەوە ڕۆژانە لە سەعات حەوتی سەرلەبەیانییەوە دەست پێ دەكات تا تەواوبوونی بەنزینەكە.
دەشڵێت: لەمەودوا پرۆسەی دابەشكردن بەم شێوەیە دەبێت: تاكسی و ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر، هەفتانە دوو جار 40 لیتریان پێدەدرێت، هاوكات ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هەفتەی دوو جار 50 لیتریان پێ دەدرێت.
هاوكات ئەمڕۆ كۆیەش شێوازی دابەشگردنی بەنزینی گۆڕی، قایمقامییەتی كۆیە شوفێران ئاگادار دەكاتەوە، دابەشكردنی بەنزینی نۆرماڵی حكوومی بە نرخی 750 دینار، تەنیا بە كارتی ئەلیكترۆنیی سووتەمەنی دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەم دووی ئاب، لە ئاگادارییەكی قایمقامییەتی كۆیەدا هاتووە، ئاگاداری سەرجەم شۆفێر و خاوەن ئۆتۆمبێلەكانی سنووری قەزای كۆیە و تەقتەق دەكەینەوە، لە ئەمڕۆوە دابەشكردنی بەنزینی نۆرماڵی حكوومی بە نرخی 750 دینار، تەنیا بە كارتی ئەلیكترۆنیی سووتەمەنی دەبێت.
لە هەولێر خەریكی قەیرانی بەنزین هێمن دەبێتەوە، پلانی ئیدارەی شارەكە ماوەی هەفتەیەكە بەباشی بەڕێوە دەچێت.
رۆژانە لە هەولێر و دەوروبەری چەندان بەنزینخانە بە نرخی 750 دینار بەكۆبۆن بەنزین دابەش دەكەن، ئەمەش وایكردووە دۆخەكە هێمن ببێتەوە، بەڵام هێشتا نۆرە هەیە.