تەندروستیی جیهانی: پەتای ئیبۆلا لە كۆنگۆ لە كۆنترۆڵ دەرچووە

:: PM:03:42:02/08/2026 ‌
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی پەتای ئیبۆلا كە لە وڵاتانی ئەفریقا و بەتایبەتی لە كۆماری دیموكراتیی كۆنگۆ بە فراوانی بڵاو بووەتەوە دەڵێت، تا ئێستە پەتای ئیبۆلا لە كۆنترۆڵ دەرچووە، وێڕای ئەوەی ماوەی چەند هەفتەیەكە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن كۆنترۆڵی بكەن، بەڵام فراوانتر بووە.

پێگەی "عەرەبیە" لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بڵاوی كردووەتەوە كە ئێستە دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاكە زۆر فراوانتر بووە و لە كۆنترۆڵ دەرچووە، وێڕای ئەوەی ماوەی چەند هەفتەیەكە هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بەردەوامن، بەڵام دۆخەكە باش نییە و تووشبووان زیاتر بوون. بۆیە رێكخراوەكە هۆشداریی دەدات كە ئەگەری زۆرە فراوانتر بێت، لەبەرئەوە دۆخەكە پێویستیی هەوڵی زیاتری لایەنە تەندروستییەكان هەیە بەتایبەتی لە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ و بڵاوبوونەوەی بەرەو وڵاتانی تری دەوروبەری.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی زیاتر روونی كردووەتەوە كە لە هەفتەی رابردووەوە 567 تووشبووی تر تۆمار كراون، هاوكات 296 كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، ئەو ئامار و ژمارەیە تەنیا لە ناو یەك هەفتەدا، ئەوەمان پێ دەڵێت كە دۆخەكە زۆر مەترسیدارە.

ئەوەی تا ئێستە رێكخراوەكە لەوەتەی پەتاكە بڵاو بووەتەوە تۆماری كردووە، ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە سێ هەزار و 605 كەس، لەناویاندا هەزار و 587 كەس گیانیان لە دەست داوە، هاوكات لە چارەسەریشدا 651 كەس چاك بوونەتەوە.

باس لەوە دەكرێت كە لە كۆنگۆ و لە ساڵانی 2018 تا 2020 بەهەمانشێوە پەتاكە بڵاو بووەوە، بۆ ئەوكات ژمارەی تووشبوون گەیشتبووە سێ هەزار و 317 كەس، بەڵام ئەوكات كۆنترۆڵ كرا.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د