سوودەكانی ڤیتامین "دی" زۆرن و لە زۆر توێژینەوەی زانستیدا، باس لە رۆڵی ئەو ڤیتامینە بۆ جەستەی مرۆڤ كراوە و توێژەران پێیان وایە، رۆڵی بوونی لە جەستەدا چەندان لایەنی تەندروستیی ئەرێنی دەگرێتەوە، بەتایبەتی بەرگریی جەستە زۆر بەهێزتر دەكات و مرۆڤیش لە قۆناغی خڵەفان دوور دەخاتەوە، بەڵام وریای ئەوە بین كە زۆربوونی بەهەمانشێوە زیان دەگەیەنێت.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت"، هەواڵەكەی لە گۆڤاری "نیرۆلۆجی" وەرگرتووە كە لەوێدا توێژینەوە نوێیەكە لەبارەی ڤیتامین "دی" و سوودەكانی بڵاو كراوەتەوە، تێیدا توێژەران ئاماژەیان داوە، كەمبوونی ڤیتامین "دی" بۆ كەسانی بەساڵاچوو، وا دەكات كێشە بۆ ئەركەكانی مێشك دروست ببێت، بەتایبەتی كەمبوونی ڤیتامینەكە مەترسیی خڵەفان بۆ مرۆڤ دروست دەكات. بۆیە زۆر گرنگە بایەخی زۆر بەو ڤیتامینە بدرێ، لەگەڵ ئەوەیشدا نابێ زۆربوونی ڤیتامینەكە لە جەستە زێدەڕۆیی پێ بدرێت، چونكە بۆ ئەوەیش زیانبەخش دەبێت.
توێژەران پێیان وایە ئاستی تەندروستی بۆ ڤیتامینەكە بۆ ئەوانەی لە ناوەندی تەمەندان، پێوەستە بە كەمبوونی ئاستی پرۆتینی "تاوی ژەهراوی"، ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی زەهایمەر كاتێك مرۆڤ زیاتر دەچێتە ناو تەمەنەوە.
د. ئێمەر ماكگرات كە پزیشكی تایبەتی مێشكە و نووسەری توێژینەوەكەیە لە زانكۆی گالوای لە ئێرلەندا، رای گەیاند كە بوونی پێویستی ڤیتامین "دی" لەلای ئەوانەی لە ناوەندی تەمەندان، فاكتەرێكی زۆر گرنگە بۆ پارێزگاری مێشك بۆ پاشەڕۆژیان.
دواتریش ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە، كاتێك مرۆڤ دەچێتە تەمەنی سەرووی 70 ساڵییەوە و ئەو ڤیتامینەی "دی" لە جەستەدا كەم بێت، مەترسییەكە بۆ تووشبوون بە خڵەفان لەلای زۆر زیاتر دەبێت.
بۆ وەرگرتنی ڤیتامین "دی" جیا لە تیشكی خۆر، هاوكات ئەو ڤیتامینە لە هێلكە، گۆشت بەشێوەیەكی گشتی، هەروەها گۆشتی ماسی وەك سەلەموون و ماكریل و سەردین و توونە دەست دەكەوێت، هەروەها شیری سۆیا و پرتەقاڵ، لەگەڵیدا كەرە و جگەری مانگایش بەهەمانشێوە بە ڤیتامین "دی" دەوڵەمەندن.