پێوەندیی نێوان نوستن و پیربوونی بایۆلۆجی چییە؟

:: PM:07:20:03/08/2026 ‌

توێژینەوەیەكی زانستی ئەوەی دەرخست كە نوستن بۆ ماوەیەك كەمتر یان زیاتر لە پێویست، پێوەندیی بە زوو پیربوونی بایلۆجی و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانەوە هەیە، بۆیە نوستنی ستاندەرد و تەندروست باشترین بژارەیە بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستی و چوونە ناو تەمەنی ئاسایی.

توێژەران شیكردنەوەیان بۆ داتای نیو ملیۆن بەشدار لە بانكی داتا زیندەگییەكان لە بەریتانیا كرد، ئەوان ئامێریان بۆ پێوانەكردنی پیربوونی بایۆلۆجی بەكار هێنا، واتە خێرایی پیربوونی ئەندامەكانی لەش بەپێی تەمەنی كاتیی ئەو كەسانە، تا چەند پیربوونیان ئاساییە و لەگەڵ تەمەنەكانیان دێتە گونجان، دەركەوت ئەو كەسانەی بە شێوەیەكی رێكوپێك كەمتر لە شەش سەعات یان زیاتر لە هەشت سەعات دەخەون، زیاتر و زووتر نیشانەكانی پیربوون لەسەر ئەندامەكانی لەشیان بەدیار دەكەوێت، لەوانە مێشك و دڵ و سییەكان و جگەر و سیستمی بەرگری و پێست. 

توێژینەوەكە بابەتی كەمخەوی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە خەمۆكی و رارایی و نەخۆشییەكانی دڵ و جۆری دووەمی شەكرە و قەڵەوی و هەناسەتەنگی و شێوانی كۆئەندامی هەرس و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدەوە بەستەوە، هەرچی زۆرنووستنە، بە هەندێك كێشەی تری تەندروستی وابەست كرد، جۆنهاو وین توێژەر دەڵێت، ئەنجامەكان دووپات لە بوونی پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان ماوەی نوستن و تەندروستیی ئەندامەكانی لەش دەكەنەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل