چۆن خۆت لە كاریگەریی پلەی بەرزی گەرما دەپارێزیت؟

:: PM:08:33:03/08/2026 ‌

ئێستە لەناو وەرزی هاوین و گەرماداین، شارەزایان وریایی لە بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆر بۆ ماویەكی دوورودرێژ دەدەن، بەتایبەتی لە سەعاتەكانی نیوەڕۆ بەهۆی تووشبوون بە گەرمابردوویی و بەركەوتنی تیشكی خۆر، كە دۆخێكی نائاسایی پزیشكییە و لێكەوتەی مەترسیداری هەیە، بەڵام چۆن خۆت لە كاریگەریی پلەی بەرزی گەرما دەپارێزیت؟

وەلا ئەبوو عیسا شارەزای بواری خۆراك ئاماژە دەكات كە یەكەم خوولەكەكانی چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو كەسەی تووشی گەرمابردوویی دەبێت زۆر گرنگە و لە كاریگەرییە مەترسیدارەكان دەیپارێزێت، سەرەتا پێویستە ئەو كەسە بۆ شوێنێكی سێبەر و فێنك بگوازرێتەوە، ئینجا جلوبەرگە زیادەكانی لەبەر بكرێتەوە بۆ كەمكردنەوەی پلەی گەرمی لەشی.

روونی كردەوە، پارچە قوماشی شێدار و سارد بخرێتە سەر مل و چەندج ناوچەیەكی لەشی، لەگەڵ تەڕكردنی چەند شوێنێكی بە ئاو، ئەگەر لەهۆشخۆی چووبوو، لە ساردكردنەوەی لەشی بەردەوام بین تا بەهۆشخۆی دێتەوە و داوای یارمەتیی پزیشكی بكرێت، ئەگەر توانای قووتدانیشی هەبوو، ئاوی پێ بدرێت، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوەی بەهۆی گەرماوە لەدەستی داوە.   

بۆ خۆپاراستن لە كاریگەرییە مەترسیدارەكانی گەرما، پێویستە بە بەردەوام ئاو بخورێتەوە، كە باشترین پارێزەرە لە گەرما، جلوبەرگی بەرین و رەنگ كراوە لەبەر بكرێت، كڵاو و چەتر بەكار بهێنرێت، مانەوە لە شوێنی سێبەر و فێنك، هەوڵی نەچوونە دەرەوە لە سەعاتەكانی زۆر گەرم و دواخستنی وەرزش و چالاكیی جەستەیی بۆ كاتی ئێوارە و كەمبوونەوەی پلەی گەرما.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە هەستكردن بە سەرسووڕان و سەرئێشە و هێڵنجهاتنەوە نیشانەی زووی گەرمابردووین، بۆیە لە كاتی دەركەوتنیان، پێویستە ئەو كەسە راستەوخۆ ببرێتە شوێنێكی فێنك و ئاوی پێ بدرێت و چاودێریی دۆخی تەندروستی بكرێت، لەو حاڵەتی پەرەسەندن و لەهۆشخۆچوون داوای یارمەتی پزیشكی بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل