توێژینەوەیەك: سەیركردنی تەلەڤزیۆن تەندروستیی مێشك لەناو دەبات

:: AM:09:39:04/08/2026 ‌
توێژینەوەیەكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، زێدەڕۆیی لە سەیركردنی تەلەڤزیۆن بە تایبەت لەوكاتەی مرۆڤ لە نیوەی تەمەنیدایە، كاریگەریی مەترسیدار لەسەر تەندروستیی مێشك دروست دەكات و دوای 20 ساڵ، تەندروستی مێشك بە تەواوی تێكدەدات.

تیمێكی توێژینەوە لە كۆلێژی دۆرنسایف بۆ ئەدەب و زانست و زیندەوەرزانی سەربە زانكۆی باشووری كالیفۆرنیا، لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر ئەو بابەتە كرد و دووپات لەوە دەكەنەوە، زێدەڕۆییكردن لە سەیركردنی تەلەڤزیۆن، زیانی گەورە بە ناوچەكانی یادگە و ئەركی درككردن لە مێشك دەگەیەنێت و دواجار دەبێتە هۆی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە.

توێژەران لێكۆڵینەوەیان لەسەر هەزار و 700 خۆبەخش كردووە، بەشداران كاتی سەیركردنی تەلەڤزیۆنیان بەشێوەی ڕۆژانە نووسیوە، واتە لە هەر ڕۆژێك چەند سەعات سەیری تەلەڤزیۆنیان كردووە.

دوای تێپەڕینی 20 ساڵ توێژەران پشكنینی ڕەنینیان بۆ ئەو خۆبەخشانە كردووە و جیاوازییەكی زۆر لە نێوان عەقڵی ئەو كەسانەی زۆرتر سەیری تەلەڤزیۆنیان كردووە، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی زۆر كەم سەیریان كردووە، لە بەراوردكارییەكان دەركەوتووە.

ئەوانەی زۆر سەیری تەلەڤزیۆنیان كردبوو، هەندێ ناوچەی مێشكیان بچووكتر بووەتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی پێوەستن بە یادگە و بیرهێنانەوە و توانای درك پێبردن و بڕیاردان. بە پێچەوانەوە ئەو گرووپەی زۆر كەم سەیری تەلەڤزیۆنیان كردووە، قەبارەی ئەو بەشانەی مێشكیان وەك خۆی ماوەتەوە و دۆخی سەرنجدان و بیرهێنانەوەیان زۆرباشتر بووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د