چەكدارانی یەكێتی سێ‌ گەڕەكی سلێمانی گەمارۆ دەدەن

:: PM:06:42:04/08/2026 ‌
سێ‌ گەڕەكی سلێمانی جیا لەوەی هیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە، ئێستە لەلایەن چەكدارانی یەكێتی گەمارۆ دراون، چونكە لەسەر داوای كۆمپانیایەك و بە بیانووی ماستەرپلانی نوێی سلێمانی، پێشتر داوای چۆڵكردنی كراوە. 

هەریەكە لە گەڕەكی تووەسپی، كانی پیرە و مەلا داود و دەوروبەری، كە دەكەوێتە رێگەی سلێمانی بۆ مێرگەپان ناچار بە چۆڵكردن دەكرێن و لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە ئاگەداركراونەتەوە كە چۆڵی بكەن، چونكە دەكرێت بە پڕۆژە، دوێنی خەڵكی گەڕەكەكە خۆپێشاندانیان كرد، بەڵام ئەمڕۆ گەمارۆ دراون. 

بەگوێرەی قسەی خەڵكی ئەو گەڕەكانە، ئامادەنین چۆڵی بكەن و ئامادەن بەرگری بكەن بەرانبەر هەر هێزێكی چەكداری كە بیانەوێ‌ گەڕەكەكە چۆڵ بكەن. 

ئەو سێ‌ گەڕەكە هاوشێوەی زۆرێك لە گەڕەكەكانی تری سلێمانی بێ‌ خزمەتگوزارییە و چەندان ساڵە هیچ رێگاوبان و پڕۆژەیەكی ئاویان بۆ نەكراوە. 

بە گوتەی خەڵكی گەڕەكەكە هێزە چەكدارەكەی یەكێتی هەڕەشەیان لە خەڵكی ئەو گەڕەكە كردووە كە ئەگەر چۆڵی نەكەن خانووەكانیان بەسەردا دەڕووخێنن.

لە نوێترین پێشهاتیشدا، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی دەزگاكانی راگەیاندن رووماڵی ناڕەزایەتی خەڵكی ئەو گەڕەكانە نەكەن، هێزێكی چەكداری یەكێتی لەوێ‌ جێگیر كراون و خەڵكەكەیش گەمارۆ دراون.


وشە - وشه‌