بەرپرسانی یەكێتی رای دەگەیەنن، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی سیاسییە و پێویستی بە یاسا نییە بۆ چارەسەركردنی، چونكە دادگا ناتوانێ یەكلایی بكاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، میدیای بەرەی گەل بڵاوی كردەوە، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی ساڵێكە لە دادگایە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بەو جۆرەن لە دادگا یەكلایی نابێتەوە، دەسەڵاتی سلێمانی نە ئەوەتا دۆسیەكە رەوانەی دادگای تەمیز بكات و نە بڕیاری یەكلاكەرەوەش لە دادگای سلێمانی دەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو میدیایە، لە چەندان دانیشتن و بۆنەی سیاسیدا كە هەندێكیان بەرپرسانی یەكێتییان لێ بووە، بەجۆرێك باسی دۆسیەكە كراوە كە دادگای ناتوانێ یەكلایی بكاتەوە.
ئاماژە و پەیامەكان بەو ئاراستەن كە دۆسیەكە لە دەرەوەی دادگا چارەسەر بكرێ و یەكلایی بكرێتەوە، چونكە بەتەواوەتی دۆسیەكی سیاسییە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەفەرمی هیچ پەیامێك وەك چارەسەری سیاسی ئاراستەی بنەماڵەی لاهوور شێخ جەنگی نەكراوە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی زیاد لە جارێك لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە داوای كردووە دادگا دۆسیەكە یەكلایی بكاتەوە و بڕیار بدات.