شێوازی پێدانی بەنزین بە شوفێران دەگۆڕێت

:: AM:10:09:05/08/2026 ‌
ئێستە ئامادەكاری دەكرێت تا شێوازی پێدانی بەنزین بە شوفێران بگۆڕێت، ئەمەیش لە پێناو نەهێشتنی جەنجاڵییە لە پێش بەنزینخانەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، سەرچاوەیەك بە "وشە"ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان خەریكی دانانی میكانیزمێكە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماوەی هەفتەیەكدا دووجار بەنزین بداتە (شۆفێرانی تاكسی) و دووجار كارتەكەیان لە ماوەی حەوت بۆ هەشت رۆژ جارێك چالاك بكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، میكانیزمەكە تەنیا بۆ شوفێرانی تاكسی نییە، بەڵكو ئۆتۆمبێلی تایبەتیش دەگرێتەوە و كاروبارەكان رێكدەخرێتەوە تا ئەو جەنجاڵییەی ئێستە هەیە نەمێنێت.

روونی كردەوە، بەم شێوازە نوێیە هەوڵ دەدرێت كە خاوەن ئۆتۆمبێلی تایبەت لە هەفتەیەك 40 لیتر وەربگرێت و تاكسیش لە هەفتەیەكدا دووجار بێت.

بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین لە تەواوی دنیا، ئێستە كێشەی سووتەمەنی دروست بووە و نرخەكەی گرانە، لە هەمان كاتدا ئەو گرانییە هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە.

لە هەولێردا 264 بەنزینخانە هەیە، ئێستە رۆژانە 21 بەنزینخانە بەنزین بە كارتی سووتەمەنی دابەش دەكەن، بەڵام بەهۆی جەنجاڵی زۆرەوە بەشێكی زۆری هاووڵاتییان وەریان نەگرتووە.


وشە - رامیار جەواد