دانەوەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناكی لە دوێنێوە دەستی پێ كردووە، تا ئێستە نزیكەی 45 هەزار هاوبەش قەرزی كۆنی كارەبایان داوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، تیمی پڕۆژەی "رووناكی" ڕای گەیاند، تا ئێستە نزیكەی 45 هەزار هاوبەش قەرزی كۆنی كارەبایان داوەتەوە و سەعاتەكانی كاركردن لە هۆبەكانی فرۆشتنی وزە بۆ راییكردنی مامەڵەكان زیاد كراون.
ئاماژە بەوەش كراوە، بڕی لێخۆشبوونی حكوومەت گەیشتووەتە نزیكەی 10 ملیار دینار، تێیدا 50% داشكاندن بۆ ماڵان و 25% بۆ بازرگانی دەكرێت، هەروەها دووپات كراوەتەوە كە ئەم دەرفەتە درێژ ناكرێتەوە.
تیمی رووناكی ئەوەشی خستووەتەڕوو كە هاوبەشان دەبێت پسوولەی مانگانە لە ماوەی 50 ڕۆژدا بدەن، بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی سیستمی خۆكارەوە كارەبای ئەو هاوبەشانە لەبەر پێنەدانی قەرزەكە دەپچڕێنرێت.