رێكخراوێكی ژینگەپارێز: 15 كارەساتی ژینگەیی و كەشوهەوا رووبەڕووی عێراق بووەتەوە

:: AM:10:45:05/08/2026 ‌
روانگەی عێراقی سەوز كە رێكخراوێكی ژینگەپارێزییە لە عێراق دەڵێ‌، " لە 30 ساڵی رابردوودا 15 كارەساتی ژینگەیی و گەشوهەوا و مرۆیی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، زیانێكی گەورەی لە ژینگە و خەڵكی ئەو وڵاتە داوە".

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، روانگەی عێراقی سەوز باسی لەوە كردووە، عێراق لە بارودۆخێكی ژینگەیی و كەشوهەوای مەترسیدار تێدەپەڕێت و كۆمەڵێك دیاردەی سروشتی لە 30 ساڵی رابردوو، روویان لەو وڵاتە كردووە و هەڕەشەیەكی گەورەیان بۆ سەر دانیشتووانی دروست كردووە. 

روانگەی عێراقی سەوز بەر لە هەموو شتێك باس لەوە دەكات، 55% خاكی عێراق لە ژێر هەڕەشەی بەبیابانبوونە و 23.2%ی خاكەكەی بە تەواوی لەناو چووە، ئەمەیش رەنگدانەوەی ئاڵنگارییەكانی ژینگە و كەشوهەوا دەردەخات. جیا لە بیابانبوون، رێژەی خۆڵبارین لە عێراقدا زیادی كردووە و هەندێك جار چەند رۆژێك دەخایەنێ‌، رووبەری سەوزایی زۆر كەمی كردووە، خاكی عێراق بە سوێربوون و شۆرەكات تێكچووە.

جیا لەمەیش وشكەساڵی و كەمبوونەوەی دەرامەتەكانی ئاو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هەموو ئەمانە كارەساتی ژینگەیین. هەروەها كێشەی پیسبوونی ژینگە بە هۆی نەوت و پیشەسازی، كەمبوونەوەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی بژێوی لە خاكەوە. 

هەموو ئەو كارەساتانە كە ژمارەیان 15 كارەساتی كەشوهەوا و ژینگەییە، بەیەكەوە  هەڕەشەیەكی گەوەریان بۆ سەر لایەنی تەندروستی و كۆمەڵایەتیی خەڵك دروست كردووە، دیارترین لێكەوتەكان ئەوەیە چەند نەخۆشیی ترسناك لە ناو خەڵك پەرە دەستێنن.

روانگەی عێراقی سەوز داوا لە حكوومەت دەكات، باری لە ناكاوی كەشوهەوا رابگەیەنێت، پلانێكی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و پڕۆژەی هەبێت بۆ چاندنی درەخت و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی بۆ شارەكان.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل