دەوڵەت باخچەلی: پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێن و ئەحمەدەكانیش بچنەوە سەركار

:: PM:12:59:05/08/2026 ‌
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رای گەیاند، پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێن، هاوكات  واژووی ڕەشنووسی یاسای پرۆسەی چارەسەری كرد.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە رێوڕەسمی واژووكردنی فراكسیۆنی پارتەكەیدا، یەكەم واژووی لەسەر دەقی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری كرد و دووپاتی كردەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە خاڵێكی وەرچەرخانە بۆ داهاتووی توركیا و سەقامگیریی ناوچەكە.

سەرۆكی مەهەپە هەروەها گوتی: "پێویستە ئۆجەلان بە مافی هیوا شاد ببێت، ئەحمەدەكان بۆ سەر ئەركەكانیان بگەڕێنەوە و دەمیرتاشیش بگەڕێتەوە ماڵەكەی.

مەبەستی باخچەلی لە دوو ئەحمەد، هەریەك لە ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانیی مێردین و ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیوڕتی ئیستانبوڵە كە هەردووكیان لەكار لادراون و قەیومیان لە شوێن دانراوە.

حكوومەت پێداگریی دەكات كە دەستەواژەی "تیرۆر" تەنیا لە دوو مادەی یەكەمی یاساكەدا دەبێت، لە مادەكانی تردا وشەی "ڕێكخراو" بەكار دەهێنرێت.

یاساكە لێخۆشبوونی گشتی تاوانەكانی "كوشتنی بەئەنقەست" و ئەو سزایانەی پێش ساڵی 2005 بەگیراوی  هەمیشەیی بڕاونەتەوە، ناگرێتەوە.

دەستەیەك بە ناوی "ئاشتی و بەسیاسییبوون" لەگەڵ سێ لیژنەی لاوەكی، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی یاسایی و ئابووریی بەشداربووان پێكدەهێنرێن.

شاندی دەم پارتی لە دانوستانەكاندا توانیویانە بەشێك لە تێبینییەكانیان جێگیر بكەن، لەوانە گۆڕینی دەستەواژەی "رادەستكردنی چەك" بۆ "دانان یان لەناوبردنی چەك". هەروەها داوایان كردووە لیژنەی چاودێریی پەرلەمان لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانی توركیاوە پێكبهێنرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی هەنگاوەكان.

 عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوایین پەیامیدا كە لە ئیمراڵییەوە گەیشتووە، ڕای گەیاندووە: "ڕێگەی هەزار كیلۆمەتری بە یەك هەنگاو دەست پێ دەكات" و ئەم یاسایە بە خاڵی دەستپێكی چاكسازییە دیموكراسییەكان دەبینێت.

ئەم ڕەشنووسە كە لە ژێر ناوی "بەهێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی" ئامادە كراوە، ئێستە لە نێوان ئاكپارتی و دەم پارتیدا زۆربەی ناڕوونییەكانی ڕەویونەتەوە، چاوەڕێ دەكرێت بە پێشكەشكردنی بە پەرلەمان، قۆناغێكی نوێ لە توركیا دەست پێ بكات

باخچەلی دوای واژووكردنی پێشنیازە یاساكە رای گەیاند، ئامانجیان بەدیهێنانی ئارامییە لە توركیا و تەواوی ناوچەكە و گوتی: "هیوادارم ئەم واژوویەی كردوومانە ببێتە مایەی خێر و بەرەكەت. برایەتیی هەزار ساڵەمان جارێكی تر پشتڕاست كرایەوە. لەم پرۆسەیەدا 86 ملیۆن كەس براوە دەبن."

باخچەلی سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی توركیای كرد و رای گەیاند، ئەو كارانەی كراون پڕۆژەی دەوڵەتن و گوتی: "ئەم پرۆژەیە پڕۆژەیەكی دەوڵەتە. پەرلەمانمان لەمبارەیەوە دەستپێشخەریی پێویستی كردووە. دەوڵەتەكەمان كارەكان بەڕێوە دەبات. ئێمە هەموومان بەیەكەوە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەكەین."

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم پەرلەمانی توركیا، تاوتوێ پڕۆژەیاسای ئاشتی لە توركیا تاوتوێ بكات، دوای ئەوەی دوێنێ ڕەشنووسی پڕۆژەكە بە پەرلەمانتاران درا، تا لە ڕێی دەركردنی ئەو یاسایەوە كۆتایی بە زیاتر لە چوار دەیە شەڕ و پێكدادان لە نێوان پەكەكە و توركیا بێت.



وشە - سۆران عەزیز