مامەڵەكارانی لیرەی سووری زیانی زۆریان بەركەوت و داوای یارمەتی دەكەن

:: PM:01:04:05/08/2026 ‌
حكوومەتی كاتی سووریا بڕیاری گۆڕینی لیرەی سووری دا و بەمەش زیانی بە هەزاران كەس لە دنیا گەیاند، لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەوانەی مامەڵە بەو دراوەوە دەكەن، زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

لیرەی پێشووی سووری كە لە سەردەمی ئەسەدی باوكەوە هەیە و ئەسەدی كوڕیش وێنەی خۆی خستە سەری، بەهۆی ئەو سزایانەی كەوتبوونە سەر وڵاتەكە و ئەو ئابڵۆقە سیاسییانەی هەبوون، بەتەواوی بەهاكەی لە دەست دابوو.

بەڵام حكوومەتەكەی شەرع دوای ماوەیەكی كەم بەهۆی هاوكاریی ئەمەریكاوە، توانی دۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتەكە بگێڕێتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی دراوێكی بەهاداریان هەبێت، پێویست بوو لیرە كۆنەكە بۆ یەكێكی نوێ بگۆڕن.

ئەگەرچی چاودێرانی ئابووری پێیان وایە هەنگاوەكە بەتایبەت بۆ ئەوەیە، شوێنەواری بەشار ئەسەد لە سووریا بسڕێتەوە، بەڵام باس لەوەش دەكەن كە بەگۆڕینی دۆخی دراوەكە باشتر دەبێت.

بڕیارێكی حكوومەتی سووریا بۆ گۆڕینی دراوەكەی، بووەتە هۆی ئەوەی مامەڵەكردن بە لیرەی سوورییەوە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان تەواو كۆتایی بێت، ئەوانەشی پێشتر كڕیویانە زیانێكی زۆریان بەركەوێت.

مامەڵەكارانی دراوەكە لە بازاڕەكانی كوردستان باس لەوە دەكەن، رێژەیەكی زۆری لیرەی سوورییان كڕیوە و ئێستە مامەڵەی پێوە ناكرێت و بەو هۆیەشەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.

ئەو مامەڵەكارانەی لیرەی سووری لە رێگەی "وشە"وە داوا لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكەن، چارەسەری كێشەكەیان بكات، چونكە ئێستە ناتوانن پارەكەش بەرنەوە سووریا و لەوێ بیگۆڕنەوە بە هی نوێ.




وشە - سۆران عەزیز