ئامادەكاری بۆ گرتنی ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی پارتی نوێ و وەلی ئاغبابا دەكرێت و داواكاری گشتیی ئەنكەرەوە، داوای لابردنی پارێزبەندیی لەسەریان دەكات.
داواكاریی گشتیی كۆماری ئەنكەرە، داواكارییەكەی لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی گشتیی پارتی نوێ و پەرلەمانتار وەلی ئاغبابا پێشكەشی وەزارەتی دادی توركیا كرد.
داواكارییەكەی داواكاریی گشتیی كۆماری ئەنكەرە دوای ئەوە هات، هەردوو پەرلەمانتارەكە تۆمەتبارن بەگەندەڵی.
هور ئاغبابا برای وەلی ئاغبابا پەرلەمانتاری پارتی جەهەپە لە مەلاتیا و كەسێكی تر دەستبەسەر كران، بەگوتەی داواكاری گشتی، لە ئەنكەرە بەڵگە هەیە كە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی پارتی نوێ و وەلی ئاغبابا دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە.
بەپێی یاساكانی توركیا، وەزارەتی داد دۆسیەیەك لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی كە داوا كراوە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا دەكات، پاشان سەرۆكی پەرلەمان داواكارییەكە دەخاتە بەردەم پەرلەمانتاران و دەنگ لەسەر هەڵگیرانی پارێزبەندییەكە دەدرێت.
هەرچەندە سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دۆسیەكە لە بەردەستی خۆی بهێڵێتەوە و نەیخاتە بەردەم پەرلەمانتاران تا كاتێكی نادیار.
ئۆزگور ئۆزەل كە بە بڕیاری دادگا لە سەرۆكایەتیكردنی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا دوور خراوەتەوە و كەمال كڵچدارئۆغڵوی هێنراوەتە جێی، ئەویش پارتێكی نوێی دروست كرد و زۆرینەی ئەندامانی پارتەكەی "جەهەپە" لەگەڵی چوون.