ڤایرۆسێكی كوشندە لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنووری سلێمانی بڵاو بووەتەوە و زیانێكی زۆری لە خاوەن كێڵگەكان داوە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت، نزیكن لە مایەپووچبوون.
ساڵانە لە وەرزی گەرما لە هەرێمی كوردستان ڤایرۆس لە پەلەوەرەكان دەدات، ئەمساڵ بەگوتەی سەرۆكی كێڵگە پەرلەوەرییەكان ڤایرۆسەكە كوشندەترە.
ڤایرۆسەكە سێ جۆری هەیە، ئەوانیش "ئای بی، نیوكاسڵ و گەمبۆرۆ"ن و ساڵانە لە ئاستی دنیادا زۆرترین پەلەوەر دەكوژن.
نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی رای گەیاند، ڤایرۆسێكی كوشندە لەناو كێڵگە پەلەوەرییەكان بڵاو بووەتەوە و 40%ی كێڵگەكانی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە 40%ی بەرهەمی مریشك لەناو چوون و مردار بوونەتەوە و ئەمەش زیانی زۆری لە خاوەن كێڵگەكان داوە.
بەرهەمی ساڵانەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەگاتە 400 هەزار تۆن، لە كاتێكدا پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەنیا 150 هەزار تۆنە، زیادەكەی بۆ شارەكانی عێراق دێتە ناردن، بەڵام نازم عەبدوڵا باسی لەوە كرد، كێشەی گەورەیان بۆ دروست دەكرێت و بازگەكانی عێراق رێگری لە هەناردەی مریشك لە كوردستانەوە دەكەن، ئەگەر وابڕوات بەهۆی ڤایرۆس و رێگری لە بەبازاڕكردن، خاوەن كێڵگەكان دەكەونە سەر ساجی عەلی.
بەگوێرەی ئامارەكان، لە هەرێمی كوردستاندا هەزار و 585 كێڵگەی پەلەوەر هەن، ئەو كێڵگانە ساڵانە 400 هەزار تۆن گۆشتی مریشك بەرهەم دەهێنن و بوونەتە سەرچاوەی دابینكردنی 400 هەزار هەلی كار.