ئامارێك: لە 24 سەعاتدا زیاتر لە هەزار و 100 سەربازی رووسی كوژراون یان بریندارن

:: PM:02:23:05/08/2026 ‌
سوپای ئۆكراینا ئەمڕۆ لە ئامارێكدا رای گەیاند، ژمارەی كوژراو و برینداران لە ناو سوپای رووسیا لەوەتەی جەنگ دەستی پێ كردووە زیاتر بووە، ژمارەكەیان بۆ نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار سەرباز بەرز بووەتەوە، تەنانەت لە 24 سەعاتی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 100 سەربازی رووسی كوژراون یان بریندار بوون.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئامارەكەی سوپای ئۆكراینا، ژمارەی كوژراوان و بریندارانی سوپای رووسیا لەوەتەی جەنگەكە لە ساڵی 2022 دەستی پێ كردووە، گەیشتووەتەوە ملیۆنێك و 452 هەزار و 880 سەرباز، تەنانەت لە 24 سەعاتی رابردووەوە هەزار و 130 سەربازی رووسی كوژراون یان بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە دەستەی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئۆكراینا لە رێگەی فەیسبووكەوە ئاماژە بەوەش دەدات، لەوەتەی جەنگەكە دەستی پێ كردووە، سوپاكەیان زیانی زۆری لە سوپای رووسیا داوە، بۆ نموونە لە سەرەتای جەنگەكەوە تا ئێستە 12 هەزار و 242 تانك تێكشكاون، هەروەها 25 هەزار و 084 زرێپۆشیش بەهەمانشێوە.

ئەوەشی گوت كە هەزار و 396 سیستمی تۆپهاوێژ وێران كراون، لەگەڵیدا 2002 سیستمی مووشەكی راجیمە و هەزار و 540 سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێكشكاون. هەروەها وێرانكردنی 439 فڕۆكەی جەنگی و 354 فڕۆكەی هەلیكۆپتەر و 444 هەزار و 455 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان "درۆن" تێكشكاون. 

دواتریش ئامارە روونی كردەوە كە لەوەتەی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كردووە، 5007 مووشەكی كرووز، 34 كەشتیی جەنگی، دوو ژێردەریایی، 13 هەزار و 266 ئۆتۆمبێل و تانكەری سووتەمەنیی سەربازی، هەروەها چوار هەزار و 495 یەكەی كەلوپەلی تایبەت وێران كراون.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د