تۆڕی سی ئێن بی سی كە ئاژانسێكی تایبەتە بە ئابووری ئاشكرای دەكات، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، عێراق جارێكی تر دەست بۆ یەدەگی دراوی بیانی دەبات، یانیش بەهای دۆلار دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، تۆڕی
CNBC لە راپۆرتێكدا دەڵێ، "داهاتی عێراق بە رێژەی 80% كەمی كردووە بە هۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، بۆیە تووشی تەنگژەیەكی دارایی بووە". بەگوێرەی راپۆرتەكە دەبێت حكوومەت چارەسەری مووچە بكات، چونكە بۆ مووشەی هەر مانگێك پێویستی بە حەوت ترلیۆن و 800 ملیۆن دینار هەیە، ساڵانەیش پێویستی بە 60 ترلیۆن دینارە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە كە عێراق دوو بژاردەی لە بەردەمدایە، یەكەمیان ئەوەیە دەست بۆ یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی ببات كە ئێستە بۆ خوار 100 ملیار دۆلار دابەزیوە، یانیش بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بگۆڕێت، تا نەختینەی دەست بكەوێت مووچەی پێ دابین بكات، پێشتریش هەردوو بژاردە تاقی كراونەتەوە.