نەخشەڕێی ستراتیجیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:02:44:05/08/2026 ‌
نەخشەڕێی ستراتیجیی سێیەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی "چمك" بۆ ڕیفۆرمی میدیایی (٢٠٢٦–٢٠٣٦) بڵاو دەكرێتەوە. سەرۆكی رێكخراوەكەش رای گەیاند، تێیدا پێشنیازی دەركردنی "یاسای گشتگیری ڕاگەیاندن" لە رێگەی پەرلەمانەوە كراوە.

ڕێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) بە فەرمیی بەڵگەنامەی ڕاسپاردەكانی سێیەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی "چمك" بۆ ڕیفۆرمی میدیایی بڵاو كردەوە كە نەخشەڕێگەیەكی ستراتیجیی 10 ساڵەیە (٢٠٢٦–٢٠٣٦)، ئامانج لێی دەستنیشانكردنی كۆسپەكانی بەردەم كاری ڕۆژنامەگەریی و دانانی چوارچێوەیەكی گشتگیرە بۆ حوكمڕانیی دیموكراتی، سەروەریی كولتووری و چاكسازیی پێكهاتەیی لە ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستانی عێراقدا.

ئەو بەڵگەنامە ستراتیجییە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و بەرئەنجامی توێژینەوە مەیدانی و كۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتییەكەی لەندەنە، كە لە رۆژانی هەشتی نۆی تەمووزی ٢٠٢٦ لە زانكۆی سۆواس بە ئامادەبوونی شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەكادیمیای بەریتانی و نوێنەرانی دیپلۆماسی و حكوومی بەڕێوەچوو.

 نەخشەڕێگەكە بە وردی تیشك دەخاتە سەر شەش كۆڵەكەی سەرەكی بۆ چاكسازیی، لەوانە:

١. دەستەبەركردنی سەربەخۆیی یاسایی و دروستكردنی تۆماری ناوەندیی خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی میدیاكان (UBO).
٢. بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەكانی ڕۆژنامەوانان بەبێ مۆڵەتی حكوومی و پۆلێنكردنی بڕوانامەبەندیی ئارەزوومەندانە.
٣. پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەوانان، قەدەغەكردنی سیخوڕی دیجیتاڵی و سەپاندنی ڕێكارەكانی Anti-SLAPP.
٤. ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەكاری دیجیتاڵی و خستنە ئەستۆی بەرپرسیارییەتیی یاسایی بۆ تۆڕە بازرگانی و حزبییەكان.
٥. داڕشتنی ڕێنوێنیی تەكنیكی ژیریی دەستكرد (AI) بەپێی پێوەرە جیهانییەكانی ڕەسەنایەتیی ناوەڕۆك (C2PA).
٦. داڕشتنی ژێرخانی تەكنەلۆجیای گشتی، پاراستنی ئاسایشی سیبەری میدیا سەربەخۆكان و جێگیركردنی پەروەردەی میدیایی بەردەوام لە قوتابخانەكاندا (K-12).

لەوبارەیەوە پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس ڕێكخەری گشتیی كۆڕبەندی نیشتمانیی چمك و سەرۆكی ڕێكخراوەكە، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە ئەم نەخشەڕێگەیە، نەخشەی ڕاستەقینەی گۆڕانكارییە لە رێگەی زانیاری و داتای زانستییەوە، تێیدا پێشنیازی دەركردنی "یاسای گشتگیری ڕاگەیاندن" لە رێگەی پەرلەمانەوە كراوە، بۆ ئەوەی بە یەكجاری كۆتایی بە پەرتەوازەیی یاسایی و بڕیارە ئیدارییە دژبەیەكەكان بهێنرێت.



وشە - سۆران عەزیز