كتێبێكی نوێی ئاریان فەرەج بڵاو كرایەوە

:: PM:03:02:05/08/2026 ‌
"كۆمەڵگەی نمایش و سەرگەرمی.. مرۆڤ لە نێوان بوون و خۆنواندندا"، نوێترین كتێبی نووسەر و رۆژنامەنووس ئاریان فەرەجە، لە بەرگی كتێبەكەش نووسیویەتی، ئەم كتێبە لەبارەی تۆیە بیخوێنەرەوە.

نووسەر لە كتێبەكەدا ئاماژەی بەوە داوە، "ئەم كتێبە نە دژایەتیكردنی تەكنەلۆجیایە و نە بانگەوازی گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، بەڵكو ڕەخنەگرتنە لە كولتوورێك كە هەموو كایەكانی ژیانمانی تەنیوە و خەریكە مرۆڤ دەكات بە بوونەوەرێكی ساتەیی و نمایشكار و گومڕا.

باسی لەوەش كردووە، لەم سەردەمەدا كە "خۆنواندن و نمایش" جێی "بوون و ڕاستی" و "چێژ" جێی "مانا" و"پەلەپڕوزێی دیجیتاڵی" جێی "ڕامان و قوڵبوونەوە"ی گرتووەتەوە، ئەم كتێبە بانگەوازێكە بۆ بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگییەك كە تێیدا مرۆڤ خاوەنی هۆش و ئیرادەی خۆی بێت، نەك دیلی ئەلگۆریتمەكان.

كتێبەكەی ئاریان فەرەج بەقەبارە بچووكە، بەڵام بە ناوەڕۆك دەوڵەمەند و وردە، بە تێری تیشكی خستووەتە سەر كۆمەڵگەی نمایش و سەرگەرمی، وێنەگرتنی ژیان لە جیاتی ئەزموونكردن، پاشەكشەی فەرهەنگ و گۆڕینی بوار و كایە رژدەكان بۆ نمایش و خۆنواندن.



وشە - سۆران عەزیز