رۆحانی: پێشنیار بۆ خامنەیی كرا بوو لە تاران سەكۆیەك بۆ ئیمام مەهدی دابنێت بە سیستەی دەنگی پێشكەوتوو
حەسەن رۆحانی سەرۆكی پێشتر ئێران ئاشكرای دەكات، هەندێك لە ئێرانییەكان خوازیاری ئەوەن جەنگی ئێران فراوانتر بێت، چونكە ئیمامی مەهدی دەردەكەوێت، رۆحانی باس لەوەیش دەكات پێشنیار بۆ عەلی خامنەیی كراوە، لە تاران سەكۆیەك بۆ ئیمام مەهدی دروست بكرێت تا ئەو كاتەی دەركەوت لەوێ وتاری خۆی بدات.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئایار، حەسەن رۆحانی سەرۆكی پێشتری ئێران لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی ئێران كۆبووەتەوە، لەوێ باسی ئەوەی بۆ كردوون بیرۆكەی دەركەوتنی مەهدی یان "ئیمامی فریادڕەس" لەلای شیعە، وایكردووە هەندێك لە بەرپرسان و خەڵك هەڵە بیر بكەنەوە، لەوانە باسی كردووە چەندان كەس پێیان وایە ئەگەر جەنگ فراوان بێت و پەشێوی دروست بێت، ئەوا ئیمام مەهدی زووتر دەردەكەوێت، رۆحانی رەخنە لە بیركردنەوەی ئەو جۆرە كەسانە دەگرێت و دەڵێ، "ئەوانە لە ئیسلام نازانن و لە چەمكی مەهدیبوون تێنەگەیشتوون".
رۆحانی دەڵێ، "نابێت باوەڕی ئاینی بۆ بەردەوامبوونی ململانێیەكان و خوێنڕشتن بەكار بهێنرێت".
دواتر رووداوێك دەگێڕێتەوە كە بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە و دەڵێ، "ئەوكات بە دیداری خامنەیی گەیشتم، پێی راگەیاندم كەسێك چووەتە لای پێشنیاری ئەوەی بۆ كردووە لە یەكێك لە گۆڕەپانەكانی تاران، سەكۆیەك دابنرێت و تایبەت بێت بە ئیمام مەهدی، بۆ ئەوەی وتاری لەسەر بدات و هەروەها دەبێت سیستمی دەنگی پێشكەوتووی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی تەواوی تاران گوێبیستی وتارەكەی بن".
بەگوێرەی گێڕانەوەكەی حەسەن رۆحانی، عەلی خامنەیی رابەری پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتوویەتی، "لەوانەیە دەركەوتنی مەهدی دوای 300 ساڵی تر بێت، ئێمە بۆ لە ئێستەوە سەكۆی بۆ بكەین، بەتایبەتیش كەس نازانێت مەهدی كەی دەردەكەوێت".
رۆحانی پێی وایە باسكردنی مەهدی بەم شێوەیە بە ئامانجی "نەزانی و فێڵكردن و گومڕاكردنی خەڵكە"، خەڵكێكیش هەیە لە بەردەوامبوونی جەنگ و ئاژاوە، بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیان بەدی دەهێنن. دواجاریش رۆحانی پێی وایە ئەركی دەسەڵاتی ئێران ئەوەیە وڵاتەكە بپارێزێت و بژێوی هاووڵاتییان دابین بكات، نەك جەنگ هەڵبگیرسێنێ بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی یان باوەڕی خۆی بەسەر گەلان بسەپێنێت.
بە بڕوای مەزەوی شیعەی دوانزە ئیمامی، محەمەد كوڕی حەسەن مەهدی ئیمامی دوانزەمە و نادیارە. شیعەی دوانزە ئیمامیش لە عێراق و ئێران و چەندان وڵاتی تر باوەڕە، پێڕەوكارانی ئەو رێبازە پێیان وایە لە كۆتاییدا دوای ئەوەی لە دنیا بە تەواوی ستەم و خراپە بڵاو دەبێتەوە، ئیمام مەهدی دەردەكەوێت بۆ ئەوەی تا ماوەیەك دادپەروەری بەرقەرار بكات.