لە كاتێكدا سیستمی ئەسیكۆدا و رێكاری توندی سۆنار لە بازگەكانی سنووری كەركووك جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بە گوتەی ئەوانەی هاتوچۆی بازرگانیی تێدا دەكەن، هێشتا وەرگرتنی بەرتیل بەردەوامە.
پێشتر دەستەی دەسپاكی عێراق ژمارەیەك فەرمانبەری لە بازگەی دارەمان لەسەر تاوانی بەرتیل گرت، جیا لەوەی شۆفێری بارهەڵگرەكانی ئەو سنوورە، چەندان جار خۆپێشاندانیان كردووە و دژی وەرگرتنی بەرتیلن لە بازگەكەدا.
ئێستە دۆخێكی تر لە بازگەكاندا پەیدا بووە، بەرتیل تەنیا لەو ئۆتۆمبێلانە وەرناگیرێ كە باریان پێیە، بەڵكو شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن، ئەگەر ئۆتۆمبێلەكانیشیان بەتاڵ بێت، دەبێت پێنج بۆ شەش سەعات لە نۆرەی سۆناردا بوەستن.
ئەحمەد نەجیب شۆفێرێكی بارهەڵگرەكانە كە رۆژانە بەو بازگەیەدا تێپەڕ دەبێت، بۆ "وشە" گوتی، پێشتر رۆژانە دوو كاروانم لە نێوان سلێمانی و هەولێر دەكرد، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەم بازگانەوە كاروانێكیشم پێ ناكرێت و زۆر دوامان دەخەن.
روونیشی كردەوە كە پێش ئەوەی بگەیتە بازگەكە، سوپا داوای 20 بۆ 50 هەزار دینار دەكات لە گومرگ و سۆناریش بە هەمانشێوە دەبێت پارە بدەیت، ئەگەرنا كارت بۆ ناكەن.
دووپاتی لەوە كردەوە كە دۆخەكە بە جۆرێكە تەنانەت ئەگەر سیستمی ئەسیكۆدایش جێبەجێ بكرێت، ئەوا كێشەی بەرتیل لە بازگەكان چارەسەر نابێت.