ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەكی تایبەت بە چۆنیەتی ڕێكخستنی ماوەی خزمەت، ڕەزامەندی لەسەر پەسەندكردنی كۆنووسی هەژماركردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و تەناهیی بە شێوازی "ساڵێك بە دوو ساڵ" دەربڕی.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و كارمەندانی گشت دامەزراوە تەناهیی و سەربازییەكانی هەرێم دراوە.
بەپێی ناوەرۆكی نووسراوەكە كە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم كراوە، ماوەی هەژماركردنی ئەم خزمەتە لە ڕێكەوتی چواری تەمووزی 1992، لە ڕاگەیاندنی یەكەم كابینەی حكوومەتەوە دەست پێ دەكات تا كۆتایهێنان بە ڕاژەكانیان، هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژماركردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێك بە دوو ساڵ تا ڕێكەوتی 31ی كانوونی یەكەمی 2024 دیاریكراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە روونی كردووەتەوە كە پڕۆسەی هەژماركردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێك دەبێت كە كارمەند یان ئەفسەرەكە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، هەر پێشمەرگەیەك پێویستە 10%ـی مووچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە كە دەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەكە دەگاتە شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار.
سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێكی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێك كە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەكە خۆی داواكاری فەرمی بۆ هەژماركردنی ئاراستەی فەرمانگەكەی بكات.
لەبارەى گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەكە جیاوازی لەنێوان سێكتەرەكاندا دەكات؛ بەجۆرێك ئەو كەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەكانەوە ڕاژەكەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژماركردنی ساڵێك بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە. بەڵام ئەو كارمەند و ئەفسەرانەی میلاكیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەكانی وەك پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژماركردنی خزمەتەكەیان بە ساڵێك بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.