عێراق و میسر راكێشانی بۆریی نەوتی عێراق بۆ بەندەری عەقەبە تاوتوێ‌ دەكەن

:: PM:05:24:05/08/2026 ‌
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر  لە عەمانی پایتەختی ئوردن كۆبووەوە.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باس لە رێگەكانی پەرەپێدانی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغدا و قاهیرە لە بوارە جیاجیاكاندا كرا و دووپات لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی سەردانی نێوان بەرپرسان و شاندەكانی هەردوو وڵات لە قۆناخی داهاتوودا كراوەتەوە، بە جۆرێك كە خزمەت بە فراوانكردنی ئاستی هاوكارییە هاوبەشەكان بكات.

وەك باس كراوە، گفتوگۆیان لەسەر ئەو پڕۆژە هاوبەشانە كردووە كە لەلایەن كۆمپانیا میسرییەكانەوە لە عێراق جێبەجێ دەكرێن، لەگەڵ تاوتوێكردنی پەرەپێدانی هاوكارییەكان لە كەرتی وزەدا، بە تایبەت لە بواری كارەبادا، بە شێوازێك كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەل دەستەبەر بكات.

پرسی پڕۆژەی راكێشانی بۆریی نەوتی عێراق بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن و لەوێشەوە بۆ دەریای سوور تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بووە، هەردوولا دووپاتیان لەسەر گرنگیی ئەم پڕۆژەیە كردەوە لە پشتگیریكردنی هاوكاریی ئابووری و هەمەجۆركردنی رێڕەوەكانی گواستنەوە و هەناردەكردنی وزە.



وشە - وشه‌