جووڵەیەكی كتوپڕ.. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕۆژێكدا تەواوی هێزەكانی یەكێتی بەسەر كردەوە

:: PM:07:09:05/08/2026 ‌
لە چەند سەعاتێكدا، ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرجەم هێزە چەكدارەكانی حزبەكەی بەسەر كردەوە. 

هەرچەندە لە یەكێك لە سەردانەكاندا رەفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆكی یەكێتی بەشدار بوو، بەڵام یەكەمجارە كە لەناو یەكێتی و بەو ئاشكراییە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی هێزە چەكدارەكان بەسەر بكاتەوە. 

ئەزموون
ئەزموونی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ تێكەڵاوی مەكتەب سیاسی و هێزە چەكدارەكانی ئەزموونێكی باش نییە، لە ماوەی رابردوویشدا پێش هەر تەقینەوەیەكی كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی، سەردانی هێزە چەكدارەكان دەكرا.
 
بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە ئەندامی مەكتەبی سیاسییە و پێشتر هیچ پلەیەكی سەربازیی نەبووە، ئەو سەردانە تا ڕادەیەكی زۆر پرسیاری لای سەرانی یەكێتی دروست كردووە. 

بەگوێرەی قسەی شارەزایان، پێدەچێ‌ ئەو سەردانانەی ئەمڕۆی بەبێ‌ رەزامەندی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، ئەوەیش هۆكارێكی تر دەردەخات كە ئەنجامی ئەو سەردانانە و دۆخی ناوخۆی یەكێتی یەكناگرێتەوە. 

بۆچی كۆماندۆ؟
لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، یەكێتی و بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی پشتی تەواوی بەو دوو هێزە بەستاوە، بۆیە ئێستە سەردانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ لای ئەو دوو هێزە وا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت كە ئەویش دەتوانێ‌ جڵەوی ئەو دوو هێزە بگرێتە دەست. 

لەماوەی رابردوودا باسی بوونی ناڕەزایەتی وەهاب مەجید سەرپەرشتیاری دژەتیرۆری یەكێتی دەكرا /پشتڕاست نەكراوەتەوە/، ئەوەیش هۆكارێكی تر دەردەخات كە هەوڵێك هەبێت بۆ قۆستنەوەی نیگەرانییەكانی ئەو. 

میدیا و سەردانەكەی
هەرچەندە میدیای یەكێتی بە فەرمی و سێبەرەوە لە ماوەی رابردوودا، چالاكییەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیان بڵاو دەكردەوە، بەڵام سەردانەكەی ئەمڕۆی تەنیا لە كەناڵی كوردسات دانراوە و تەنیا ئەو سەردانەیشی كە بۆ لای ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش بووە و ئەوانی تر بڵاو نەكراونەتەوە. 

ئەوە دەریدەخات كە هێشتا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕووی میدیاییەوە ئامادە نییە بۆ ئەوەی جڵەوی حزبەكە بگرێتە دەست.

سەردانەكانی ئەمڕۆ 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەجیا سەردانی هەریەكە لە فەرماندەیی كۆماندۆی یەكێتی، ژمارەیەك دەزگای سەربازی، ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، فەرماندەیی پێشمەرگە و بەرگریی كرد.


وشە - وشه‌