ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە کە گەیشتوونەتە قۆناغەکانی کۆتایی بەیاننامەی هاوبەش لەبارەى گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان لەبارەی گەرووی هورمز. ناوبراو ئاشکرای کرد، لەسەر خاڵە جوگرافییەکانی ئەو ڕێڕەوەی کە هەردوو وڵات بەنیازبوون لە گەرووەکەدا پەیڕەوی بکەن، ڕێککەوتوون، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەم ڕێککەوتنە بە مانای ئارامبوونەوەی گەرووەکە نایەت.
بەقائی لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، لەسەر خاڵە جوگرافییەکانی ئەو ڕێڕەوەی کە ئێران و عومان بەنیازبوون لە گەرووی هورمزدا پەیڕەوی بکەن، ڕێککەوتوون، و ئەگەر هیچ لایەنێکی دەرەکی ڕێگری لە کارکردن لەم پرسەدا نەکات، ئەوا بەیاننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.
گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە، لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عومان بە تەنیا بە واتای ئەوە نایەت کە گەرووەکە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان ئارام دەبێت، چونکە ئەو هۆکارانەی کە گەرووی هورمز لە ڕوانگەی ئەمەریکاوە نائارام دەکەن، بەتایبەتی گەمارۆی دەریایی و کارە دوژمنکاری و هەڕەشەئامێزەکانی تر دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی هێشتا ماون.
پێشتریش، ڕۆژی یەکشەمی ڕابردوو، حكوومەتی ئێران دووپاتی کردبووەوە کە گفتوگۆکانی لەگەڵ عومان لەبارەى گەرووی هورمز گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و ئامانج لێی دۆزینەوەی میکانیزمێکی هاوبەشە بۆ ڕێکخستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت.