ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئابی 2026، پسپۆرێکی بواری دارایی و ئابووری هۆشداریی دا لەو داوایانەی کە بۆ چاپکردنی دراوی نوێ دەکرێن بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، و بە هەنگاوێکی نایاسایی و نائابووریی دانا کە دەبێتە هۆی هەڵاوسانێکی گەورە و دابەزینی بەهای دینار و کاریگەریی مەترسیداری لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت. ناوبراو دووپاتی کردەوە، چارەسەری ڕاستەقینە لە ئیسڵاحاتی ئابووریی بەردەوامدایە، نەک پارەدارکردن لە ڕێگەی چاپخانەوە.
ئەحمەد عەبد ڕەبە، پسپۆڕی بواری دارایی و ئابووری، ڕای گەیاندووە، یاسای بانکی ناوەندیی عێراق ژمارە 56ی ساڵی 2004، پڕۆسەی دەرکردنی دراو ڕێکدەخات، و ڕوونی کردووەتەوە کە چاپکردنی دراو ڕێکارێکی تەکنیکییە بۆ بەڕێوەبردنی بارستایی نەختینەیی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئابووری، نەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حكوومەت یان پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، دەرکردنی بڕێکی نوێی دراو بەبێ بوونی گەشەیەکی ڕاستەقینە لە بەرهەمدا، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نەختینەیی بە شێوەیەکی ناپێویست، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زیادبوونی ڕێژەکانی هەڵاوسان، دابەزینی هێزی کڕینی دینار، و کەمبوونەوەی بەهای ڕاستەقینەی مووچەی هاووڵاتییان و پاشەکەوتەکانیان.
عەبد ڕەبە ڕوونی کردەوە، ئەوەی لە ئابووریدا بە پارەدارکردن لە ڕێگەی چاپخانەوە ناسراوە، بە یەکێک لە مەترسیدارترین بژاردەکان دادەنرێت لە کاتی قەیرانە داراییەکاندا، چونکە متمانە بە دراوی ناوخۆیی لاواز دەکات، و خواست لەسەر دراوە بیانییەکان، بەتایبەتی دۆلار، زیاد دەکات، کە ئەمەش فشارەکان لەسەر نرخی دراو زیاتر دەکات و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی دارایی دەبێت.
عەبد ڕەبە ئاماژەی بەوەش دا، کە تێکەڵییەک لە نێوان ئامرازەکانی سیاسەتی نەختینەیی کە بانکی ناوەندی بەڕێوەی دەبات و سیاسەتی دارایی کە حكوومەت بەرپرسە لێی، هەیە. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینەیی دەبێت پشت بە ئیسڵاحاتی دارایی و ئابووریی بەردەوام ببەستێت، کە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حكوومەت، زیادکردنی داهاتی نانەوتی، پەرەپێدانی کۆکردنەوەی باج بە شێوەی ئەلیکترۆنی، گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەخۆبگرێت.