حوسییەکان کەشتییەکی نەوتیی سعودیایان لە کەنداوی عەدەن کردە ئامانج

:: PM:10:02:05/08/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم، پێنجی ئابی 2026، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، ڕای گەیاند کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە سەرکەوتوویی و بە مووشەکی بالیستی کەشتییە نەوتییەکەی سعودیایان "Daisy" لە کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج، و کەشتییەکە ناچار کراوە بگەڕێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی دەریایی بەریتانیاش پێشتر هەواڵی تەقینەوەیەکی لە نزیک کەشتییەک لە عەدەن ڕاگەیاندبوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ، سەریع لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، کەشتییەکە پێکراوە و ناچار کراوە بگەڕێتەوە. ناوبراو دووپاتی کردەوە، ئەم بەئامانجگرتنە لە چوارچێوەی سەپاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی کەشتیوانیی دەریاییە بەسەر دوژمنی سعودیدا، بەپێی هاوکێشەی گەمارۆ لە بەرانبەر گەمارۆدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا گوتی، هێزە چەکدارەکانی یەمەن دووپاتی دەکەنەوە کە بە وردی چاودێریی هەموو جووڵەی کەشتییە نەوتییەکانی سعودیە دەکەن و ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک نادەن، چ لە باشووری دەریای سوورەوە بێت یان لە باکوورییەوە، تا ئەو کاتەی داوا ڕەواکانی گەلەکەمان جێبەجێ دەکرێت و گەمارۆی لەسەر هەڵدەگیرێت.

پێشتریش، دەستەی دەریایی بەریتانیا، ڕای گەیاندبوو کە کەشتییەکی بار هەڵگر ڕووبەڕووی تەقینەوەیەک بووەتەوە لە نزیک عەدەن. دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا گوتبووی، ئاگادارکراوینەتەوە لە ڕووداوێک لە دووری 95 میلی دەریایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عەدەن لە یەمەن، و دووپاتی کردبووەوە، کاپتنی کەشتییەکە ڕای گەیاندووە کە گوێی لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە لە زۆر نزیک کەشتییەکەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود