سەرۆکی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە

:: PM:10:16:05/08/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئابی 2026، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە و دووپاتی لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان بۆ بەرنامەی کاری حكوومەتی فیدراڵی کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دووپات لەسەر یەکهەڵوێستیی سیاسی و هاوئاهەنگیی بەردەوام لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرایەوە بۆ پاراستنی وڵات لە هەڕەشە و مەترسییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتیی عێراق، ئاستەنگ و ئاڵنگارییە هەنووکەیییەکانی قۆناغەکە، پەرەسەندنەکانی ڕەوشی هەرێمی و نێودەوڵەتی و لێکەوتەکانیان بەسەر عێراق و ناوچەکەوە، تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانی، پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرنامەی کاری حكوومەتی فیدراڵی و پێکەوە کارکردن لە پێناو جێبەجێکردن و سەرخستنیدا، بە جۆرێک کە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراق و سەقامگیریی سیاسی و تەناهی تەواوی وڵات بکات، دووپات کردەوە.

لە بەشێکی تری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، وێڕای خستنەڕووی پرسی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەشی نێوانیان، دووپات لە بایەخی یەکهەڵوێستیی سیاسی و هاوئاهەنگیی بەردەوام لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت بە ئامانجی پاراستنی وڵات لە هەڕەشە و مەترسییەکان کرایەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود