ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئابی 2026، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی بەیان سامی عەبدولڕەحمان کرد، بەبۆنەی کۆچی دواییی هاوسەرەکەی، هونەرمەندی شانۆکار، موزەفەر شافعی.
لە پەیامەکەدا هاتووە، بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی شانۆکار (موزەفەر شافعی)ـی هاوسەری بەڕێزتانمان پێ گەییشت. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئێوە و خانەوادە بەڕێزەکەتان و دۆست و ئاشنایانتان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم.
سەرۆک بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی، لە خودای مەزن داواکارم ڕوحی خوالێخۆشبوو موزەفەر شافعی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.