ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئابی 2026، نووسینگەی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی لێدوانەکانی محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووکی دایەوە و دووپاتی کردەوە کە ماددەی 140ی دەستووری عێراق هێشتا کارایە و قسەکردن لەسەر کۆتاییهاتنی، کەمکردنەوەیە لە بەهای دەستوور و هەڕەشەیە بۆ سەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە.
لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەکە ڕای گەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی وایە کە پێویستە کەرکووک نموونەی پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان هەموو پێکهاتەکانی بێت و دووپاتی کردەوە، پێویستە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە ماف و ئەرکەکانی خۆیان شاد بن بە جۆرێک کە سەقامگیری بپارێزرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، دەستووری عێراق، بەتایبەتی ماددەی 140، نەخشەڕێی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرکووک و ناوچەکانی تری داناوە، و لێدوانەکانی پارێزگاری لەبارەی کۆتاییهاتنی کارکردن بە ماددەکە بە "بەرپرسیارانە" نەزانی، چونکە بە واتای کەمکردنەوە لە بەهای دەستوور دێت و دەستبردن بۆ دەستوور ڕەنگدانەوەی لەسەر شەرعییەتی دەوڵەتی عێراق دەبێت.
پارتی ڕای گەیاندووە، ئەم لێدوانانە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دانیشتووانی کەرکووک ناکەن، بەڵکوو هەوڵێکن بۆ دەستبردن بۆ پێکەوەژیان و ئاژاوەنانەوە و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لە ناو پارێزگاکەدا.
لە کۆتاییدا، پارتی داوای لە پارێزگاری کەرکووک و هەموو بەرپرسان کرد کە ڕێز لە دەستوور و مافی دانیشتووانی پارێزگاکە بگرن و بە داناییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیە ناکۆکەکاندا بکەن و کار بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەرکووک و خەڵکەکەی بکەن. ئەمە دوای ئەوە دێت کە پارێزگاری کەرکووک دوێنێ سێشەم، وتبووی ماددەی 140 "هەڵە بووە" و کۆتایی هاتووە.