لە سلێمانی حزبێك وەك جێگرەوەی نەوەی نوێ‌ دروست بوو

:: PM:01:10:06/08/2026 ‌
لەلایەن چالاكان و كۆنە پەرلەمانتارانەوە رێگەیان نەدا نەوەی نوێ‌ كفنی زەرد بێت، راستەوخۆ حزبێكی نوێیان دروست كرد و دەستیان بەچالاكی جۆراوجۆر كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، حزبێكی نوێ‌ لەلایەن چالاكان و كۆنە پەرلەمانتاران و تووڕەكانی ناو نەوەی نوێ‌ و بەرپرسانی پێشووی گۆڕان لە سلێمانی دروست كرا.

دروستكردنی ئەو حزبە لە كاتێكدایە نەوەی نوێ‌ مەرگی راگەیەنراوە، بەڵام كوردەواری گوتەنی كفنی زەرد نەبووە، كەسانێك دەیانەوێت خێرا ببن بە كۆكەرەوەی دەنگە ناڕەزایەتییەكانی سلێمانی.

ئەوەیش زانراوە، دەستەی دامەزرێنەر لە پێنج كەس پێكدێن و سیانیان پەرلەمانتاری خانەنشینی گۆڕانن و ژمارەیەك كەسی تریشن، خۆیان بە ناونیشانی (دەستەبژێرێك كەسایەتی بۆ كاری پێكەوەیی و خزمەتی خەڵك) خۆیان ڕاگەیاند، دەستیان بە چالاكی سیاسی و مەدەنی ئۆپۆزیسیۆنی كرد و دەڵێن، دەیانەوێت میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ كاری پێكەوەیی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان و ئەوانەی لە خەمی كایەی گشتین.

ئەم هێزە تازەیە ئێستە تەنیا پێنج كەسن و پێشبینی دەكرێت لە ڕۆژانی ئایندەدا كەسایەتی و خەڵكی تر بچێتە پاڵیان و بەرفراوان بێت.

ئەوە لە كاتێكدایە بەردەوام بۆ كۆكردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لە سلێمانی، هەر 10 ساڵ جارێك حزبێكی نوێی ئۆپۆزسیۆن لەو شارە دروست دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد