هەواڵەكان ئاماژە دەكەن كە خەریكە دانوستانی ئێران و عومان لەبارەی كردنەوەی گەرووی هورمز بە ئەنجام دەگات و بەمنزیكانە رێككەوتنەكەی دێتە راگەیاندن، ئەمڕۆ ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی گەرووی هورمز ناكاتەوە تا ئەمەریكا هەڵسوكەوتی بەرانبەر بە ئێران راست نەكاتەوە.
محەمەد باقر زولقەدر ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، راستكردنەوەی هەڵسوكەوت و ئاكارەكانی ئەمەریكا بریتییە لە وەستانی هەڕەشە و خراپەكاری بەرانبەر بە ئێران و پیرۆزییەكانی، كۆتاهێنان بە شەڕ و هێرشەكانی بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەكانی لە لبنان و فەلەستین و یەمەن و عێراق.
ئاماژەی كرد، هەروەها پێویستە ئەمەریكا گەمارۆی دەریاوانی لەسەر ئێران لابدات و هێزە دەریاوانی و ئاسمانییەكانی لە دەورورەبەری ئێران پاشەكشە پێ بكات، ئەوانە جیا قەرەبووكردنەوەی تەواوەتیی ئەو زیانانەی بەهۆی هەردوو شەڕی پێشوو بە ئێران گەیشتوون، تاران داوای لابردنی سزاكان لەسەر گەلی ئێران و ئازادكردنی بێ مەرجی پارە بلۆككراوەكانی دەكات، ئەوانەش داواكاریی گەلی ئێرانن و ئەنجوومەنەكە بەهیچ شێوەیەك بە شەڕ یان بە دانوستان لەو داواكارییانە پاشگەز نابێتەوە.