تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رای دەگەیەنن، راپۆرتێك خراوەتەڕوو كە دۆسیەی حەمەڕەش شۆكی كردین، تێدا نووسراوە حەمەڕەش هیچ كێشەیەكی نییە.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئاب، دانا تەقێدین گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رای گەیاند، بیستوومانە راپۆرتی پزیشكی بۆ حەمەڕەش كراوە و خراوەتە دۆسیەكەوە.
زیاتر گوتی، ئەوەی بۆ ئێمە جێی سەرسوڕمانە، لە راپۆرتەكەدا نووسراوە حەمەڕەش عەیبی نییە، لە كاتێدا لە بەردەم دادوەر قسەی تری كرد و لە دۆسیەكەدا جێگیر كراوە، خۆی ددانی پێدا دەنێ كە لە پیاوەتی خراوە، پشتی و سەری تەقەڵن، ددانی شكێنراوە".
گوتەبێژی تیمی پارێزەران گوتیشی، كارەكانی دادگا بەتەواوی وەستێنراوە و ناتوانین سەیری دۆسیەكەی حەمەڕەش بكەین و راپۆرتی پزیشكی ببینین.
ئەوە لە كاتێكدایە لە كۆتایی دانیشتن بەگوتەی حەمەڕەش، بەهۆی لێدان لە گرتووخانە لە پیاوەتی خراوە و چەندان شوێنی ئەستۆی شكێنراون، ئەمەیش دادگای هەژاند.