شەڕێكی عەشایەریی گەورە لە باشووری عێراق هەڵگیرسا

:: AM:10:46:12/08/2026 ‌
میدیای عێراق بڵاوی كردووەتەوە، شەڕێكی گەورە لە پارێزگاری زیقاری باشووری عێراق رووی داوە و لە ئەنجامدا پێنج كەس بوونەتە قوربانی، دووانیان پۆلیسن.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئاب، چەندان ماڵپەڕی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، بە هۆی رووداوێكی هاتوچۆی ماتۆڕێك، كێشەیەكی عەشایەریی گەورە دروست بووە، دواجاریش بووەتە شەڕە تەقەیەكی توند و دوو كەس كوژراون و سێ‌ كەسیش بریندار بوون.

یەكێك لە كوژراوەكان و بریندارێكیش لە هێزەكانی پۆلیسن كە ویستوویانە كۆنترۆڵی شەڕە عەشایەرییەكە بكەن.

ماڵپەڕی شەفەق نیوز ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، لە شەڕەكەدا چەكی سووك و مامناوەند بەكار هاتووە. 

هەموو ئەو رووداوانە لە قەزای فەهوودی سەربە پارێزگای زیقار بووە لە باشووری عێراق كە لەگەڵ پارێزگای عیمارە، بە ناوەندی كێشە و شەڕە عەشایەرییەكان دادەنرێن، زۆرجاریش لەم دوو پارێزگایە هێرش دەكرێتە سەر هێزە عێراقییەكان.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل