پشکی بەنزینی هەڵەبجە زیاد کرا

:: PM:09:35:14/08/2026 ‌
لە سبەینێوە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بە نرخی (750) دینار لە پارێزگای هەڵەبجە دەست پێ دەکاتەوە، ئەوەیش دوای زیادکردنی پشکی ڕۆژانەی شارەکە بۆ دوو تەنکەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی سوتەمەنی.

بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی سوتەمەنی و سووککردنی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتییان و شۆفێران لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاری زیادکردنی پشکی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و لەمەودوا بەشێوەیەکی ڕۆژانە بڕی (دوو تەنکەر) بەنزین بۆ شارەکە دابین دەکرێت.

پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینەکە لە سبەینێوە بەشێوەیەکی فەرمی دەست پێ دەکات و بە نرخی دیاریکراوی حکومی کە (750) دینارە بۆ هەر لیترێک ڕاستەوخۆ لە هەردوو بەنزینخانە سەرەکییەکەی ناو شارەکەوە دابەش دەکرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت بێتە هۆی ئاسانکاری و چارەسەرکردنی بەشێکی بەرچاوی کێشەی کەمی سوتەمەنی لە ناوچەکەدا.


وشە - پێشەنگ مەحموود