رۆژنامەی برۆكسل مۆرنینگی ئەوروپی لە راپۆرتێكدا دەڵێ، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی بۆ شەڕێك ئامادە كردووە، لەوانەیە میلیشیاكان تووشی عێراقی بكەن. لەبارەی میلیشیاكانیش دەڵێ، "ئەو میلیشیایانە لە دەرەوەی دەوڵەت نیین، بەڵكو لەناو بودجە و پەرلەمان و وەزارەتەكانی عێراق رەگیان داكوتاوە".
رۆژنامەی برۆكسل مۆرنینگ "
Brussels Morning" راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا باس لە زەحمەتی پرۆسەی چەكدانانی میلیشیاكان دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و چەكدانانی میلیشیاكان لە 30ی ئەیلوول كۆتایی دێت، ئەمەیش لەلایەن ئەمەریكا دیاری كراوە و مەرجەكانی دانراون.
لە سەرەتادا راپۆرتەكە باس لەوە دەكرێت گومان هەیە میلیشیاكان چەكەكانیان دابنێن، بۆیە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزەكانی لە تەواوی عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەكاریی جەنگەوە، نەك دژی پاشماوەی داعش، بەڵكو لە دژی ئەگەری ئەوەی میلیشیاكان حكوومەتی تووشی جەنگ بكەن.
لەبارەی میلیشیاكانیش رۆژنامەی برۆكسل مۆرنینگ، رەتی دەكاتەوە تەنیا پرسەكە چەكدانان بێت و ئەو میلیشیایانەیش لە دەرەوەی دەوڵەت بن، چونكە ئەوان "لە دەرەوەی دەوڵەت نین، بەڵكو رەگیان بە بودجە و پەرلەمان و وەزارەتەكانی عێراق داكوتاوە".