شانەی راگەیاندنی تەناهی: بڕیاری چەكدانان حەشدی شەعبی ناگرێتەوە

:: PM:02:08:15/08/2026 ‌
سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی عێراق رای گەیاند، بڕیاری چەكدانان بۆ ئەو هێزانەیە دەكەونە دەرەوەی دامەزراوە تەناهییەكان، بۆیە حەشدی شەعبی ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ی ئاب، سەعد معەن لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق دەڵێ‌، "ئەو لایەنانەی بڕیاری چەكدانان دەیانگرێتەوە، ئەوانەن دەكەونە دەرەوەی دامەزراوە تەناهییەكانی دەوڵەت، حەشدی شەعبی ناگرێتەوە، چونكە بەگوێرەی یاسای ژمارە 40 ی2016 حەشدی شەعبی  بە تەواوی كارمەندانییەوە لە ژێر یاسایە سەربازییە پێڕەوكراوەكاندان".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا دەشڵێ‌، "بڕیاری چەكدانان بۆ ئەوەیە هیچ فەرماندەییەكی تر هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت نەبێت".

30ی ئەیلوول دوایین وادەیە بۆ چەكدانانی میلیشیاكانی عێراق، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، تا ئێستە پێنج میلیشیا ئامادە نین چەكەكانیان دابنێن كە بریتین لە: بزووتنەوەی نوجەبا، كەتائیب سەید شوهەدا، كەتائیبی حزبوڵا، ئەولیا دەم، لەگەڵ میلیشیای ئەسحاب كەهف.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل