تیپی هونەرە میلییەكانی هەولێر، وەك یەكێك لە تیپە هونەرییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی Vistula Folk Festival پۆڵەندا دەكات.
سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی هونەری هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتیی فۆلكلۆریدا، بە پێشاندانی هەڵپەڕكێ، موزیك، گۆرانی و جلوبەرگی نەتەوەیی كوردی و هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان، تیپی هونەرە میلییەكانی هەولێر بەشداریی دەكات.
باسی لەوەش كرد، تیپی هونەرە میلییەكانی هەولێر، وەك یەكێك لە تیپە رەسەن و مێژووییەكانی هونەری كوردی لە 17ی ئاب تا 24ی ئابی 2026 بەرەو كۆماری پۆڵەندا دەڕوات و لە چوارچێوەی ئەم گەشتە هونەرییەدا، كەلەپووری كوردی و بەشێك لە دەوڵەمەندیی هونەرە میلییەكان بە بینەرانی فێستیڤاڵ و گرووپە هونەرییە بەشدارەكان دەناسێنێت.
سیروان عوسمان ئەوەشی گوت، بەشداریی تیپی هونەرە میلییەكانی هەولێر لەم فێستیڤاڵەدا تەنیا بەشداریی گرووپێكی هونەری نییە، بەڵكو كوردستان و كەلەپووری كوردی لەگەڵ كولتوورە جیاوازەكانی گەلان لە یەك پلاتفۆرمی هونەریدا ببینرێت.
تیپەكە لە ڕێگەی هەڵپەڕكێ، موزیكی نەریتی، گۆرانی و جلوبەرگی كوردییەوە، وێنەیەكی زیندوو لە ژیانی كۆمەڵایەتی و هونەریی گەلێكی سەتان ساڵە دەخاتەڕوو، گەلێك كە هەڵپەڕكێ بۆی تەنیا جووڵەی جەستەیی نییە، بەڵكو بەشێكە لە ناسنامە، یادەوەری و ژیانی كۆمەڵایەتی.