داهێنانە ئەدەبییەكانی "تۆڵستۆی" بۆ ژیانی هاوسەری بەهای خۆیان هەیە

:: PM:01:55:17/08/2026 ‌
لیۆ تۆڵستۆی كە فەیلەسووف و ئەدیبێكی رووسییە و خاوەنی دەیان بەرهەمی ئەدەبییە كە تا ئێستەیش وەك داهێنان تەماشا دەكرێن، لە ناویان كارەكانیدا خۆشەویستی و ئازارەكانی ژیانی وابەستە كردووە، بۆیە ئەزموونێكی مرۆیی زۆری بۆ خەڵك جێهێشتووە، لە ناویاندا تا ئێستەیش ئامۆژگارییەكانی تۆڵستۆی بۆ ژیانی هاوسەری بەهای خۆیان هەیە.

پێگەی "عەرەبیە" زانیارییەكانی لە پێگەی "upworthy" وەرگرتووە تێیدا ئاماژە بە نووسینە ئەدەبییەكانی تۆڵستۆی دەكات كە لە تەواویاندا داهێنانی كردووە، بەتایبەتی لە نووسینەكانیدا پڕاوپڕن لە ئامۆژگاریی ژیانی هاوسەری، بەویش خۆشەویستی و ئازارەكانی ژیانی وابەستەی یەكتر كردووە و یەك دنیا ئەزموونی پێشكەشی مرۆڤایەتی كردووە.

لە نووسینە ئەدەبییەكانی تۆڵستۆیدا نموونەیان "ئانا كارنینا" و " جەنگ و ئاشتی"، ئەزموونی زۆری خۆشەویستی و ئازارەكانی ژیان بەرجەستە كراوە، لە ناویاندا ئەزموونی ژیانی هاوسەری، هاوكات ژیانی هاوسەریی خۆیشی لە ئەزموونەكاندا رۆشنایی دەبینێ. تۆڵستۆی لە ساڵی 1862دا هاوسەرگیریی لەگەڵ سۆفیا پێرس كردووە كە ئەوكات تەمەنی 34 ساڵ بووە و سۆفیان تەمەنی 18 ساڵ بووە، بۆ ماوەی 48 ساڵ پێكە ژیاون.

لەبارەی ژیانی هاوسەرگیریی سەركەوتووەوە تۆڵستۆی بیركردنەوەی بەو جۆرە بووە، هاوسەرگیری تەنیا ئەوە نییە تا چەند سازان لەناو هاوسەراندا هەیە، بەڵكو لەوە گرنگتر چۆن بتوانن هەڵسوكەوت لەگەڵ جیاوازییەكانیان بكەن. ئەو ئامۆژگارییەی ئەو فەیلەسووفە، تا ئێستە و لەم سەردەمەیشدا سوودی زۆری لێ بینراوە، بەوەیش ژیانی هاوسەرگیری و هەڵكردنی پێكەوەیی، درێژتر دەبێت.

باس لەوە دەكرێ كە هاوسەرگیریی تۆڵستۆی و سۆفیا لە سەرەتاوە هاوسەرگیرییەكی سەركەوتوو و خۆشگوزەران بووە، لەوبارەیەوە لیا بیندافید- ڤال كە نووسەری كتێبی "گۆرانییەك بەبێ هۆنراوە: وێنە و یادەوەری سوفیا تۆڵستۆی"یە، تێیدا دەڵێت، ئەوان واتە تۆڵستۆی و سۆفیا هەر لە ساڵی 1862 هاوسەرگیرییان كرد، ئاشقی یەكتر بوون، لە هەموو گۆشەكانی ژیانیاندا هاوبەش بوون، تەنانەت لە نووسینەوەی یادەوەرییەكانیان. ئەوان لە 48 ساڵی هاوسەرگیرییان خاوەنی 13 منداڵ بوون، بۆیە سۆفیا بۆ تۆڵستۆی بەشێگی گرنگی كاروانی ئەدەبیی بووە، تەنانەت سۆفیا تەواوی دەستنووسەكانی تۆڵستۆی كۆپی كردووە، چونكە ئەو بەردەوام گوێ لە بۆچوونەكانی گرتووە، بۆیە لە ژیانیاندا وێڕای جیاوازییەكانیان، دڵخۆش بوون.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د